دوایین زانیارى له‌باره‌ى دۆخى عێراق و كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران

هەواڵ / عێراق :: 19/01/2020‌ :: 1061‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران فشاره‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانیان و له‌نێویشاندا پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ چڕتركردوه‌ته‌وه‌، جێگری سەرۆكی په‌رله‌مانى عێراق دەڵێت: تائێستا هیچ كاندیدێك به‌ فه‌رمى پێشكه‌ش نه‌كراوه‌.


بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى كانونى دووه‌مى 2020) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تاوەكو ئێستا بەفەرمی هیچ كاندیدێك لەلایەن هیچ لایەنێكەوە پێشكەش نەكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق. 

وتیشی: "هەر كاندیدێك لەلایەن حزبەكانەوە پێشكەشبكرێت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتدەكرێتەوە، داواكاری خۆپیشاندەران ئەوەیە كە لەدوای ساڵی 2003وە بەشداری پڕۆسەی سیاسی نەكردبێت و پۆستی نەبوبێت، بۆیە تائێستا لایەنەكان ئەو مەرجەیان جێبەجێ نەكردوە".

ماوه‌ى دوو رۆژه‌ گرژى و ئاڵۆزى له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى به‌غدا و به‌شێك له‌ شاره‌كانى ترى عێراق رووى له‌ زیادبوون كردووه‌، خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تێكى كاتى دیاریكراویان بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دیاریكردووه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌گه‌رى توندتربوونى بارگرژییه‌كان ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ مانگ و نیوێك به‌سه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا لایەنه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنى جێگره‌وه‌كه‌ى رێككنه‌كه‌وتوون و سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌ش كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراون، له‌لایه‌ن شه‌قام و خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ باس له‌ دووباره‌ دانانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ده‌كرێت.

بەشیر  حەداد ئاماژەی بەوەکرد: عادل عەبدولمەهدی داوای نەكردووە متمانەی پێبدرێتەوە تا ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵكو هاتنیشی بۆ لای بەرپرسانی هەرێم  بۆ ئەوە بووە هەرێم و بەغدا لەگفتوگۆكانیان بەردەوام بن لەسەر كێشەكانی نێوانیان تا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هەموو پرسەكان.

ئەوەشی خستەڕوو: پێشبینی دەكەم دۆخەكە هەر ئاوا بمێنێتەوە و عەبدولمەهدی بە كاربەرێكەر بمێنێتەوە، چونكە ئێستا كێشەی گەورەترین كوتلەش لە پەرلەمان هەیە، دوو كوتلە خۆیان بە گەورەترین دەزانن تا كاندید پێشكەش بكەن بۆ سەرۆك وەزیران.

دوایین هه‌وڵه‌كان بۆ دیاریكردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ كۆتاییه‌كانى ساڵى رابوردوودا بوو له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى بینا كاتێك ئه‌سعه‌د عیدانى، پارێزگاى به‌سره‌ى كاندید كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌وه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ په‌رله‌مان ره‌تكرایه‌وه‌.

رووداوه‌كانى دواتریش به‌تایبه‌ت هێرشه‌كه‌ى (رۆژى هه‌ینى 3ى كانونى دووه‌مى 2020)ى نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا كه‌ تیایدا قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى تیا كوژرا، دۆسیه‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ بێچاره‌نوسى هێشتووه‌ته‌وه‌.

پێشتر ته‌ها حه‌مه‌دئه‌مین، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ئێستادا جارێكى تر چاوه‌كان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدین، بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و په‌سه‌نده‌ى وڵاتان هه‌یه‌.

كورد و سونه‌كان به‌ڕه‌سمى ناڕه‌زایه‌تییان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و دیاریكردنه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌رنه‌بڕیووه‌، سه‌باره‌ت به‌ راى شیعه‌كانیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتى: "راى شیعه‌كان روون نییه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆى دۆخى شه‌قام تائێستا هه‌ڵوێستى روون و یه‌كگرتوویان ده‌رنه‌بڕیووه‌".

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە