دوو پڕۆژه‌ى ستراتیجى بۆ شارێكى هه‌رێم راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2694‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لەسنووری پارێزگای سلێمانی دوو پڕۆژەی ستراتیژی گواستنەوەی وزەی كارەبا جێبەجێدەكرێن كە یارمەتیدەرێكی باش دەبن بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبا لەوێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای بازیان، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى بواره‌كه‌ باسیده‌كه‌ن.


سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی كانوونی دووەمی 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: لەناحیەی بازیان دوو پرۆژەی ستراتیژی گرنگی گواستنەوەی وزەی كارەبا جێبه‌جێده‌كرێن كە یه‌كێكیان بریتیه‌ لە هێڵێكی 132 كەیڤی بۆ بەستنەوەی وێستگەی غازی بازیان (قەیوان) بەوێستگەی 132 كەیڤی چەمچەماڵەوە كە دیوی چەمچەماڵی دەستی پێكردووە و تەنها دیوی بازیانی ماوە.

وتیشى: دووه‌میان هێڵێكی 132 كەیڤی-یه‌ بەدرێژی 46 كیلۆمەتر كە بەشێكی لەوێستگەی غازی بازیان (قەیوان) بەرەو ناوچەی تاسڵوجە دەبێت و بەشەكەی تریشی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی سلێمانیەوە، هەردوو پڕۆژەكەش گرنگی زۆریان هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو وزەی كارەبایەی لەوێستگەی بازیان (قەیوان) بەرهەم دێت بەرەو چەمچەماڵ و شاری سلێمانی.

ورده‌كارى ئه‌و پڕۆژانه‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگار و ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و ئەندازیار سالار حیسامەدین، بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ئاشكراكران.

وته‌بێژى كاره‌باى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و پڕۆژانه‌ یارمەتیدەرێكی باش دەبن بۆ سەقامگیربوونی توانای هێڵەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا و دواتریش باشتربوونی دۆخی كارەبا.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure