سەرجەم كۆشك و كافێ كاتییه‌كانى هەولێر لابران

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 386‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا وەزارەتی شارەوانی دەستیکرد بە لادان و تێکدانی سەرجەم ئەو کافێ و کۆشکانەی لەلایەن ژمارەیه‌ک کچ و کوڕەوە وەک بزنسی بچووک دروستکرابوون، خاوەن کافێکان بە هەنگاوێکی هەڵەى ده‌زانن و وەزارەتی شارەوانییش دەڵێت: "سەرجەمیان زیاده‌ڕه‌وییان كردووه‌ و پارەیشیان نەداوە بە حکومەت".


دوای ئەوەی یاسای رێگریی لە زێدەڕۆیی و وەرگرتنەوە و سنووردارکردن بۆ سەر موڵکی حکومەت، لە پەرلەمانی کوردستان پەسه‌ندکرا، وەزارەتی شارەوانی و گه‌شتوگوزار دەستیکرد بە هەڵگرت و تێکدان و لادانی سەرجەم ئەو کۆشک و دووکان و کافێ باس و كافێ کاتییانەى کە لەناو شاری هەولێر و بەتایبەتییش له‌ سنووری پاركی سامی عبدولڕەحمان دانرابوون.

یەکێک له‌وانه‌ (کافی باس)ى بەردەم دەرگای پارکی سامی عەبدولڕەحمان بوو، كه‌ لەلایەن دوو هاوسه‌ره‌وه‌ بەڕێوەدەبرا. کانی عەباس (تەمەن 22 ساڵ) کە خەڵکی هەورامانی خۆرهەڵاتی کوردستانە و دەرچووی بەشی بیناکاریی پەیمانگەی تەکنیکی هەولێرە، بۆ دواڕۆژ وتى: "گەنجان بەگشتی و کچان و ژنان بەتایبەتی، ئەگەر پڕۆژەیەکی جیاوازیان هەبێت، ئەوا دەتوانن لە ژیاندا سەرکەوتووبن، ئێمە ئەو هەنگاوەمان نابوو بەڵام لێمان تێکدرا".

كانى وتیشی: "دوای سێ رۆژ لە ئاگادرکردنەوەمان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم کە دەبێت سەرجەم ئەو کۆشک و کافێیانە لە دەوربەری پارکی سامی عبدولڕەحمانن هەڵبگیرێن، زۆر هەوڵماندا کە نەکرێت، بەڵام بڕیارەکە جێبەجیکرا و کافێ باس-ی ئێمەیش لادرا و داخرا".

ئه‌وه‌شى وت: "حکومەت باس لە کەرتی تایبەت و دەستی کاری گەنج و هەلیکار دەکات، هەروەها باس لەوە دەکات کە دەبێت چاکسازیی بکرێت، کەچی رێگریی لە ئێمە کرد و نه‌یهێشت کارەکانمان بکەین".

لە سێ رێگای سەرەکی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کە گەورەترین پارکی شاری هەولێرە، ژمارەیەک کافێى کاتی دانرابوون کە خواردنەوە گەرم و ساردەکانیان پێشکەش دەکرد، بەڵام وەزارەتی شارەوانی هەرموویانى داخستن و لایدان، رێگەیش نادرێت هیچ کەسێک لەو شوێنانه‌ کافێ دابنێت.

محەمەد شکاک خاوەنی ئێم کافێ، بۆ دواڕۆژ وتى: "سێ رۆژە ھەموو ھەوڵێکم داوە، چی پەیوەندیم ھەیە بەکارمھێناوە بۆ ئەوەی نەیەڵم ئەو دیمەن و وێنە جوانە لە ھەولێر بسێنرێتەوە، لە چوارچێوەی یاسادا کارەکەمان بۆ رێکبخەن. رۆژانە چەندین گەنجی وشیاری ئەم شارە، ئێره‌ بووه‌تە پەناگەیان، بۆکوێیان پەڕاگەندە دەکەن؟ بەس لە کافێکەی من چەندین گەنجی دانەمەزراو بژێوییان پەیدا دەکەن، ئیدی چی بکەن؟".

وتیشى: "ئێمە لەگەڵ ھەنگاوەکانی چاکسازیین، بەڵام کێشەکەی ئێمە ئەوەندە گەورەیە چارەسەرنەکرێت؟ ناتوانن بەپێی رێنماییەک رێکمانبخەنەوە و کرێ و باجمان لێوەریگرن؟. کافێکەیان داخستین، بەڵام جگە لە تاریککردن و چۆڵکردنی ئەو ناوچە زیندووەی ھەولێر، ھیچی تریان نه‌كرد".

وەزارەتی شارەوانی و گه‌شتوگوزار، بە فەرمی لادان و تێکدانی ئەو کافێ و کۆشکانەی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستکردوە و دەڵێت: "بەپێ یاسا ئەوانەی زێدەڕۆیین بۆ سەر موڵکی گشتی رێگەنادەین کاربکەن".

کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئێمە پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە کە دەبێت چۆڵی بکەن. نەک هەر ئەوان به‌ڵكو هەموو ئەوانەی لەسەر موڵکی شارەوانیین و زێدەڕۆن ده‌بێت چۆڵى بكه‌ن، چونکە ئەوە یاسایه‌ و ئێمەیش یاسا جێبەجێ دەکەین کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە و زێدەڕۆیی قبووڵ نیە".

وتیشى: "ئەمانە نە باج دەدەن نە رسوماتەکان، بۆیە دامانخستن و لە داهاتوودا ئەو شوێنانە دەخەینە مەزادەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان، کێ ویستی بەکرێ لە حکومەت بیگرێت ئەوا دەتوانێت وەریبگرێتەوە و بەکرێیبگرێت، چونکە ئەوە موڵکی یەک کەس و دوو کەس نیە تا قۆرغ بکرێت بەڵکو موڵکی هەموو کەسێکە دەتوانن سوودی لێوەربگرن بەپێ یاسا نەک بە شێوەی تر".

ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی پێشنیازی پڕۆژەى بەخاوەنکردنی زەوی زێدەڕۆیی و هەروەها رێگریکردن و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا.

له‌ 23ى كانونى یه‌كه‌مى 2019 وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیەکەدا بڕیاریاندا رێگریی لە زیاده‌ڕه‌ویى بکەن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: بڕیاریدا بە هەنگاونان بۆ رێگەگرتن و نەهێڵانی زیاده‌ڕه‌وى شاره‌كه‌، هه‌روه‌ك له‌ سەرەتای ساڵی 2020دا ده‌ست بەجێبەجێکردن و رێکاری یاسایی بکرێت  بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە زیاده‌ڕه‌وییان كردووه‌، به‌مه‌ش خاوه‌ن كافێكان بوونه‌ یه‌كه‌مى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بونه‌وه‌.
 
پ: ل. م

ب: شيروان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure