نوێترین زانیاری لە بارەی فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2020‌ :: 188‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت: "داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە نرخی تابلۆكانی هەڵەبجە كەمبكاتەوە، چونكە هیچ كەسێك ئامادە نییە بەو نرخەی ئێستا بیانكڕێت".

عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی ئەو نرخانەی كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە بۆ تابلۆی ژمارە (1) و ژمارەكانی دیكەی هەڵەبجە دانرابوو، لە دوو زیادكردنی ئاشكرادا هیچ كەسێك ئامادە نەبوو بیانكڕێت، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا كە فرۆشتنی تابلۆكان لە زیادكردنی ئاشكرادا ڕابگرین.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕێگەی پارێزگاری هەڵەبجەوە نوسراوێكی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو نرخانەدا بكەن كە بۆ فرۆشتنی تابلۆكانی هەڵەبجەیان دیاریكردووە، داوامانكردووە نرخەكان كەمبكەمەوە، چونكە كەس ئامادە نییە بەو نرخانەی دیاریكراون بیانكڕێت، بە تایبەت تابلۆی ژمارە (1) كە بڕی یەك ملیار دیناری لەسەر دیاریكراوە.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەلایەن ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەوە پێشنیارێكی دیكە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران كراوە كە تابلۆی ژمارە (1) بدرێتە وەبەرهێنێك كە ئامادە بێت پرۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە جێبەجێبكات، بەڵام تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی هیچ كام لە پێشنیارەكانمان نەدراوەتەوە و لە چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆداین بۆ یەكلایی كردنەوەی بابەتی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی هەڵەبجەوە بە هاوڵاتیان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure