چیرۆكى ئه‌و گه‌نجه‌ى وێڵى چاره‌نوسى هه‌شت ئه‌ندامى خێزانه‌كه‌یه‌تى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/01/2020‌ :: 368‌ جار بینراوە

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، دهۆك


له‌گه‌ڵ برایه‌كی له‌ خۆی بچووكتر له‌ خێمه‌یه‌كی كه‌مپی ئاواره‌كانی شه‌نگال له‌ كۆمه‌ڵگای خانكێ- دهۆك، ده‌ژین، كه‌متر له‌ ساڵێكه‌ له‌ ده‌ست داعش رزگاریان بووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ ترسی داعش نایه‌وێت به‌رامبه‌ر كامێرا ده‌ركه‌وێت.

ئه‌م گه‌نجه‌ ‌ناوی داود جردۆ-یە و ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌، رۆژی 3-ئابی 2014، له‌ گوندی (وه‌ردییه‌) سه‌ر به‌قه‌زای شه‌نگال، له‌گه‌ڵ 15 ئه‌ندامی دیكه‌ی خێزانی خۆی و خێزانی مامی كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش.

"به‌ گولـله‌ی داعش بریندار بووم"
داود په‌راسووی برینداره‌، له‌باره‌ی ئه‌و برینه‌ ده‌ڵێت: "ساڵی 2016، له‌ شاری ره‌ققه‌ی سوریا، داعش منی برده‌ شه‌ڕێك و پێیان وتم "ده‌بێت ‌ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر كافره‌كان جیهاد بكه‌ی، نه‌مزانی ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رامبه‌ر كێ بوو، له‌و كاته‌دا من شه‌ڕم نه‌ده‌كرد و گولـله‌م نه‌ده‌ته‌قاند،‌ داعشێك له‌ پشته‌وه‌ منی بینی و لێم توڕه ‌بوو، بۆیه‌ ته‌قه‌ی لێكردم و له‌پشته‌وه‌ برینداریكردم، تاوه‌كو ئێستا به‌باشی چاكنه‌بوومه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و برینه‌ی له‌سه‌ر پشتمە ئه‌وه‌نده‌ ئازارم نادات بەقەد ئه‌و برینه‌ی لەسه‌ر دڵمه‌ كه‌ به‌هۆی دیارنه‌مانی چاره‌نوسی دایك و باوك و 5 برا و خوشكێك و برازایەكمەوە ئازارم دەدات رۆژانە‌".

ناخۆشترین رۆژ له‌گه‌ڵ داعش
ئه‌م گه‌نجه‌ باس له‌ ناخۆشترین رۆژی ژیانی خۆی ده‌كات، ده‌ڵێت: "داعش رۆژی 3 ئابی 2014 له‌ شه‌نگال ده‌ستگیری كردین، هه‌موومان پێكه‌وە دووجار براینه‌ ته‌له‌عفه‌ر وموسڵ، دوای چوار مانگ له‌ پێكه‌وه‌بوون، ساڵی 2015 داعش من و خێزانه‌كه‌می له‌یه‌ك جیاكردەوە و بردمییه‌ كه‌مپه‌كانی راهێنانی داعش له‌ سوریا، ئه‌و رۆژه‌ی له‌دایك و باوكی خۆم جیابوومەوە ناخۆشترین رۆژی ژیانی منه‌، ئای خودا چیمان كردبوو، گوناهی ئێمه‌ چی بوو؟ بۆچی كه‌س به‌هانای ئێمه‌ نه‌هات؟".

داوی هه‌ناسه‌یێكی قوڵ و سڕینه‌وه‌ی فرمێسكه‌كانی، ئه‌م قوربانییه‌ی ده‌ست داعش به‌ ده‌نگێكی نزم وتی: "راستی پێت ده‌ڵێم، ئێستاش من له‌ داعش ده‌ترسم، بۆیه‌ حه‌زناكه‌م وێنه‌ی من بگری، چونكه‌ تا وه‌كو ئێستا چاره‌نوسی كه‌سوكارم ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ست داعش دان دیارنییه‌، ئه‌ترسم دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی من داعش بۆ سه‌ر خێزانه‌كه‌ی من ببنه‌ هه‌ڕه‌شه‌".


داود جردۆ، رۆژی 26-ئابی 2019، گه‌یشته‌ دهۆك، ئه‌و باسی ئازادبوونی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌ر كاتێك من، یان هاورێیه‌كم كه‌ ئێزدیبوون، لای داعش باسی كه‌سوكار و گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ شنگال كردبا، ئه‌وان لێیان ئه‌داین، چه‌ندین جار به‌نهێنی په‌یوه‌ندیم به‌ برای خۆم ئیبراهیم ده‌كرد كه‌ له‌ دهۆكبوو و نه‌كه‌وتبووە ده‌ست داعش، دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ چوار ساڵ له‌گه‌ڵ داعش، له‌ كاتی شكستی داعش له‌ باغۆز، خۆم راده‌ستی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كرد و دوای چوار مانگ له‌مانه‌وه‌مان له‌ ماڵی ئێزدییه‌كان له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌هاوكاری یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)‌ و ماڵی ئێزدییه‌كان من گه‌یشتمه‌ دهۆك".

ژیان به‌بێ دایك و باوك
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دواڕۆژدا؛ ئایا رۆژانه‌ چۆن ده‌ژیت؟ ئه‌م گه‌نجه‌ ئێزدییه‌ باسی ژیانی خۆی كرد و وتی: "من و برایه‌كی له‌ خۆم بچوكتر له‌ خێمه‌یه‌ك به‌ته‌نیا ده‌ژین، برایێكی دیكه‌ی من ئیبراهیم جردۆ، له‌ خێمه‌یێكی دیكه‌ له‌ نزیك ئێمه‌ ده‌ژی و هاوكاری ئێمه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێم‌ ژیان نییه‌، هاوار و ناڵه‌ی خۆمان به‌كێ بگه‌یێنین؟".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure