لەسەر کەیسی پێشمەرگەکەی یەکێتی دوو لیژنەی حكومەت ‌و پەرلەمان لێکۆڵینەوە دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی 

بڕیار وایە (ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۹ی کانوونی دووەمی۲۰۲۰ ) هەر یەکە لە حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دوو لیژنەی جیاواز لەسەر روودانی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم پێکدەهێنن و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستپێدەکەن. 

لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەوز و هاوکات ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانە، بەدواڕۆژی راگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دوو لیژنەی جیاواز لەسەر روودانی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی یەکێتی پێکدەهێنن بۆ ئەوەی ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بێنن و بۆ رای گشتی ئاشکرای بکەن".

وتیشی: "لە پزیشکی دادی سلێمانی توێکاری بۆ تەرمەکە کراوە و ئەنجامەکەشی رادەستی هەردوو لیژنەکەی حکومەت و پەرلەمان دەکرێت".

دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بەئاسایشی هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کراو دواتر لە رۆژی ۱٦ی ئەم مانگە هەواڵی گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی یەکێتی بڵاوکرایەوە کە لەناو بەندیخانە خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە، كەسوكاری ناوبراو گومانیان لەشێوازی گیان لەدەستدانەکە هەیە، لەبەر ئەم هۆکارە تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و لە ئەنجامی پشکنینەکەدا بەگوێرەی بڕیاری پزیشکی دادی سلێمانی ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان بەسەر جەستەی مەجید ئیبراهیمەوە دیار بووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure