حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی پارەی گەنمی جووتیاران لەئەستۆ دەگرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


حكومەتی عێراق بڕی 517 ملیار دینار قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی لایە كە هی ساڵەكانی 2014‌ و 2015‌ و 2016یە و پاساوی حكومەتی عێراقیش بۆ نەدانەوەی ئەو پارەیە ئەوەیە كە لە ساڵانی 2014 ‌و 2015‌ و 2016دا جووتیارانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە پشكی 17% گەنمیان رادەستی حكومەتی عێراق كردووە.

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "وەك لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە نووسراومان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆئەوەی لەکاتی نەناردنی بەشە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵی 2020 و ساڵەکانی داهاتوو حکومەتی هەرێم پارەکەیان دابین بکات".

سەفین ئاغا عومەر، بڕیادەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەپێی ئەو داواکارییەی ئێمە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم پەسەند کراوە لەمەودوا پارەی گەنمی جووتیاران لەکاتی خۆی دابەش دەکرێت و دواناکەوێت، چونکە حکومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی دەگرێتە ئەستۆ".

ئاماژەی بەوەشدا بۆ ئەمساڵ بڕی گەنمی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق جێی کراوەتەوە و گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت.

ساڵی 2019 حکوومەتی عێراق  بڕی 340 ھەزار تۆن گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرت کە دەکاتە لە 30% بڕی ئەو گەنمەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمیان هێنابوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure