نرخی غاز کۆنتڕۆڵ كرایەوە

هەواڵ / ئابوری :: 18/01/2020‌ :: 901‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


هەفتەیەکە نرخی غاز لە بازاڕەکانی شاری هەولێر دوو هەزار دینار بۆ هەر بتڵێک گران بووە، بەڕێوەبەری دابەشکردنی غازی هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "گرانبوونەکە تەنیا لە بازاڕە و ئێمە لێی بەرپرسیار نین" نەشیشاردەوە کەمبوونەوەی ڕێژەی غازی حکومیش بەهۆی دەستاودەستکردنی کۆمپانیای گواستنەوەی غازەوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە 18/1/2020 نرخی ئەو وزەیە ئاسایی بووەتەوە.

هەفتەی ڕابوردوو نرخی بتڵێک غاز لە 8 هەزار دینارەوە بەرز بووەوە تاوەکو 12 هەزار دینار گران بوو، بەڵام ئێستا نرخەکان ئاسایی بووەتەوە و بتڵێک غازی ئۆتۆمبێلەکانی حکومەت بە 7 هەزار و 500 دینار و لە بازاڕەکانیش بە 8 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

هاوردەکردنی غاز لە کەرکووک و موسڵ و شارەکانی عێراق هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخی غازە.

بەختیار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی غازی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ڕۆژانە بە تەنکەر غازمان بۆ دێت جگە لە ڕۆژی هەینی کە دەکاتە بڕی 20 هەزار و 800 تۆن کە بەشی پێویستی هەولێرە و کێشەمان نییە، بەڵام ئەو ماوەیەی کە لە بازاڕی ئازاد گرانبوو کەمبوونەوەی ڕێژەی غاز بوو کە کۆمپانیای گواستنەوەی غاز ڕێژەی کەمتری غاز ڕەوانە دەکرد، بەڵام ئێستا ڕێگەمان داوە بە هاوردەکردنی غاز لە دەرەوەی هەرێم ئەمەش نرخی غازی دابەزاندەووە".

بەختیار عەبدوڵا، ڕاشیگەیاند: پێویستە ڕۆژانی هەینیش کۆمپانیای گوێزەرەوەی غاز غازمان بۆ بنێرێت، چونکە هەیە و لەبازاڕی ئازاد دەیفرۆشێت ئەمەش وایکردووە بەرهەممان کەمبێتەوە، هەرچەندە کاریگەری لەسەر نرخی غازی حکومی دروست نەکردووە، لەبەرئەوەی گەر هەر ئۆتۆمبێلێکی ئێمە سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

بەختیار عەبدوڵا، لەبارەی ئەو کۆمپانیایەی کە غاز دەگوازێتەوە وتی: "بەهۆی ئەوەی کۆمپانیای گۆڵدن جاکوار ئەو کۆمپانیایەی پێشتر غازی بۆ دەهێناین گرێبەستی تەواو بووە، ئێستا دەبوو کۆمپانیای جێگرەوە کە سۆر گازە دەستبەکار بکات، بەڵام تا ئێستا دەستی بەکارکردن نەکردووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure