کورد لەکەرکوک داوایەکی تورکمان و عەرەب ڕەتدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 679‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد


لەپاش ئاشکراکردنی ناوی دامەزراوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک بەهۆی نا دادپەروەری و نایەکسانی لەنێوان پێکهاتەکان، کورد نیگەرانە و بڕیار دراوە بۆ ماوەی دە ڕۆژ ئەو پرسە ڕابگیرێت.

مەریوان نادر ئـەندامی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهەموو شێوەیەک ئەو ناوانەی ئاشکرا کراون بۆ دامەزراندن ڕەتمان کردۆتەوە و بۆ ماوەی دە ڕۆژ بابەتەکە ڕاوەستێنراوە، چونکە نایەکسانی هەیە و هەندێک لایەن دەیانەوێت لەسەر ڕێژەی کورد پشکی خۆیان زیاد بکەن.

وتیشی: "عەرەب و تورکمان داوایان لەکورد کردووە ڕێکكەوتنێکی سیاسی بکرێت تاکو سەرجەم بابەتە ئیدارییەکان بەڕێژەی 32 بە 32 دابەشبکرێت لەنێوان پێکهاتەکان، بەڵام ڕەتمانکردۆتەوە بەتایبەت کە ڕێژەی لەسەدا 32 لەدامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکوک جێبەجێکبرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەریەکە لە ئەرشەد ساڵەحی و محەمەد تەمیمی داوایان کردووە دامەزاندن بەڕێژەی لەسەدا 32 لەنێوان پێکهاتەکان دابەشبکرێت، بەڵام ڕەتمانکردۆتەوە، چونکە ڕێژەی تورکمان لەسەدا 19 یە و ڕێژەی عەرەب لەسەدا 29 .

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لایەنەکانی تورکمانی و عەرەبی داوای ڕێکكەوتنی سیاسییان کردووە لەگەڵ کورد لەسەر ئەم بابەتە تاوەکو ڕێژەی لەسەدا 32 جێبەجێکبرێت، چاوەڕواندەکرێت دوو لیژنە پێکبهێنرێت، ئەوانیش لیژنەیەک لەپەروەردەی کەرکوک و لیژنەیەکی پەروەردەی پەرلەمان ڕەوانەی کەرکوک بکرێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure