"ئافرەتیان هەیە دووگیان كراوە"
نەهامەتیی كرێكارە بیانییەكان لەهەرێم

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/01/2020‌ :: 2764‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال


وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دان بەوەدا دەنێت كە لەهەرێمی كوردستان پێشێلكاری بەرامبەر كرێكارانی بیانی دەكرێت، بەڵام سەرۆكی رێكخراوی داكۆكی لەمافی كرێكارانی بیانی جگە لەباسكردنی پێشێلكارییەكان، دەڵێت: "ئافرەتی كرێكاری بیانی هەیە دووگیان كراوە".

ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی ئەنجومەنی یەكبوونی كۆمەڵایەتی سلێمانی سیمینارێكی سەبارەت بەئەرك و مافی كرێكارانی بیانی ساز كرد، بەوتەی سەرۆكی رێكخراوی داكۆكی لەمافی كرێكارانی بیانی، تائێستا ئاماری تەواو نییە سەبارەت بەژمارەی تەواوی كرێكارانی بیانی، بەڵام بەگشتی نزیكەی 30 هەزار كرێكاری بیانی هەیە كە لەلایەن 169 كۆمپانیاوە هێنراون.

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو سیمینارەدا رایگەیاند "هێنانی ئەو كرێكارانە بەدوو رێگەیە، یەكێكیان لەڕێگەی كۆمپانیاكانەوەیە كە لەلایەن وەزارەتەكەیەوە مۆڵەتیان هەیە و بەپێی گرێبەست دەیهێنن، هەر كرێكارێك پێشێلكاری بەرامبەر بكرێت بەدواداچوونیان بۆ دەكەن، رێگەی دووەمیش بەناوی گەشتیاری و قاچاخچی بەنایاسایی و لەڕێگەی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەرەوە دەیانهێنن".

ناوبراو روونیكردەوە: "خۆم لەشاری هەولێر لەشەڵتەرەكان كرێكاری بیانیم بینیوە كە ئەو ئافرەتانە پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، شەوێك چوومە چاكسازی ژنان و منداڵان لەهەولێر خاوەنكار ئافرەتێكی كردبووە دەرەوە و لەبەر نەبوونی شوێن بردبوویانە ئەوێ".

هەروەها حەمە هەژار، سەرۆكی رێكخراوی داكۆكیكار لەمافی كرێكارانی بیانی بەدواڕۆژی راگەیاند "بەگشتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی بەرامبەر ئەو كرێكارانە هەیە و تەنانەت ئافرەت هەیە سكی پڕ كراوە، جگە لەوەش سەندنەوەی پاسپۆرت، لێدان، بەندكردن و كڕین و فرۆشتنی ئەو كرێكارانە هەیە بەناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور".

ناوبراو وتی: "پێشێلكارییەكان لەلایەن ماڵەكانەوە بەرامبەریان دەكرێت و هەندێكیشیان كرێكارەكان خۆیان هۆكارن، چونكە شارەزای ژینگە و كلتوری كوردستان نین، بۆیە دەبێت راهێنان بەو كرێكارانە بكرێت كە ئەوان دەتوانن خۆبەخشانە شەش مانگ خولیان بۆ بكەنەوە".

لەبەرامبەردا بابان ئەحمەد، خاوەنی كۆمپانیایەكی هێنانی كرێكاری بیانی لەشاری سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند "تائێستا لای ئەوان هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بەرامبەر كرێكارانی بیانی ئەنجامنەدراوە، چونكە ئەو كرێكارانەی دەیانهێنن خەڵكانی باشن و مامەڵەش لەگەڵ خەڵكانی باشی شارەكە دەكەن، بەڵام بەگشتی لەشاری سلێمانی لەو حاڵەتانە زۆر كەمترە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure