پارتی لەبارەی کۆنگرەوە بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 399‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ئەمڕۆ 18ی کانونی دووەمی 2020 ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە و بڕیاریدا لەمساڵدا کۆنگرە ببەستێت، لەدوای کۆبونەوەکەش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

 
بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/1/2020 ئەنجام درا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.
 
تەوەری یەكەم: رووداوە گرنگەكانی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020 كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردار و پەرچەكردارانەی روویان داو هەروەها بڕیار و راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەما و پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بڕیارە چارەنووسسازەكان.
 
تەوەری دووەم: باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی... بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەڕەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بووەتەوە بەجۆرێك كە 
 
زیاتر لە 30% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبوونەوە رای وابوو كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عێراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردەچن لە ئاستی خواست و ویست و بەرژەوەندی كۆی هاوڵاتیانی عێراقی دا بێت و لە تاكڕەوی بە دووربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق نەكەوێتە مەترسیەوە.
 
تەوەری سێ‌ یەم: كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستی چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەو بوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابینكردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.
 
تەوەری چوارەم: لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكارییە زۆر و خێراییەكان لەناوخۆ و دەوروبەر و زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات.
 
ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
18/1/2020

ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure