دانپێدانانه‌كانى ئێران و فریوه‌كانى خۆرئاوا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/01/2020‌ :: 162‌ جار بینراوە

نووسینى: رۆبه‌رت فیسك
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

ئه‌و قسه‌یه‌ى چه‌رچڵ كه‌ كاتى خۆى به‌ ستالینى وتبوو زۆربه‌مان بیستوومانه‌: (له‌ كاتى جه‌نگدا راستى ئه‌وه‌نده‌ به‌نرخه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك درۆ بیشاریته‌وه‌). 

مه‌به‌ستى چه‌رچڵ ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆكى یه‌كێتى سۆڤێت ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌ بایه‌خى فێڵ و درۆ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى جه‌نگى نۆرماندى. له‌و جه‌نگه‌دا وڵاتانى هاوپه‌یمان ئه‌ڵمانییه‌كانیان فریودا. ئه‌ڵمانییه‌كان وایانده‌زانى هێزه‌كانى دوژمن له‌ باكوورى فڕه‌نساوه‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌ نه‌ك له‌ كه‌ناره‌كانى نۆرماندى. 

به‌ڵام له‌ مێژووى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا واتاكانى راستى و درۆ و سووده‌كانیان ته‌واو گۆڕاون. به‌ جۆرێك كه‌ چیتر ناتوانرێت ئه‌و ئامۆژگارییه‌ى چه‌رچڵ جێبه‌جێ بكرێت. 

ئێران دواجار دانى به‌وه‌دا نا كه‌ موشه‌كه‌ دژه‌ئاسمانییه‌كانى خۆى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ى سه‌رنگون كردووه‌. ته‌كنه‌لۆجیاى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هێنده‌ پێشكه‌وتووه‌ كه‌ كامێراى مۆبایل و شوێنهه‌ڵگرتنى موشه‌كه‌كان و راداره‌ دوورمه‌وداكان و مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان ده‌ستبه‌جێ درۆكان ئاشكرا ده‌كه‌ن. له‌ناو ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌دا ته‌نیا رووداوى كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ مالیزییه‌كه‌ كه‌ 6 ساڵ له‌مه‌وپێش روویدا به‌ نه‌زانراوى ماوه‌ته‌وه‌. 

له‌ ساڵى 2011دا حوسنى موباره‌ك ویستى به‌ مۆدێله‌ كۆنه‌كه‌ رێگرى له‌ شۆڕش بكات. كۆمه‌ڵێك تانك و زرێپۆشى ره‌وانه‌ كرد بۆ پارێزگاریكردن له‌ سه‌نته‌رى ته‌له‌فزیۆنى قاهیره‌، له‌كاتێكدا كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ مه‌سیج یه‌كتریان بانگهێشت ده‌كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تی. 

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سوپاى پاسداران و له‌شكرى ئێران ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زایى كۆمپیوته‌رییان هه‌یه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ نه‌یانزانیبێ راستى رووداوه‌کە چى بووه‌. خستنه‌خواره‌وه‌ى ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ رووداوێكى دڵته‌زێن و نه‌خوازراو بووه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانى تاران له‌ بارودۆخێكى زۆر ناسكدا. 

بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تادا هه‌وڵ درا راستى رووداوه‌كه‌ بشاردرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م درۆیه‌ى ئێران له‌چاو هه‌ڵوێست و لێدوان و بڕیاره‌كانى ده‌سته‌ و دائیره‌كه‌ى ترامپ و پسپۆڕه‌ ئه‌مریكاییه‌كان هیچ نییه‌. 

ئه‌و رووداوه‌ ئێرانى بۆ هه‌میشه‌ گۆڕى له‌كاتێكدا كه‌ ئێمه‌ى خۆرئاوایى تائێستاش راهاتووین له‌سه‌ر ناڕاستگۆیى و ساویلكه‌یى خۆمان. وامان لێهاتووه‌ وشه‌ى درۆ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نیگه‌رانمان ناكات. ئایا كه‌س باوه‌ڕ ده‌كات به‌ قسه‌كانى ترامپ كه‌ ده‌ڵێت قاسم سلێمانى ویستوویه‌تى چوار پێنج باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا بته‌قێنێته‌وه‌؟ گره‌و ده‌كه‌م ئه‌مه‌ چیرۆكێكى دۆناڵد ترامپییه‌. تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ هۆڵیوود و بێئاگایى و تویته‌كانى به‌یانیان. ئه‌سڵه‌ن ئێمه‌ى خۆرئاوایى هه‌ر به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ قسه‌كه‌ى ترامپ راست بێت یان درۆ. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئێمه‌ هێنده‌ راهاتووین له‌سه‌ر درۆى سیاسییه‌كان كه‌ هیچ شتێك به‌ خه‌یاڵماندا نایه‌ت. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر راستیمان مه‌به‌ست بوایه‌ هه‌رگیز نه‌ده‌چووینه‌ جه‌نگى عێراقه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو كوشتار و وێرانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌مان ئه‌نجام نه‌ده‌دا.

لێدوانه‌كانى ئێستاى ماستاوچییه‌كى وه‌ك بۆریس جۆنسن سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كى ئه‌تۆمى تازه‌ له‌ درۆ زیاتر هیچى دیكه‌ نییه‌. رێككه‌وتنى تازه‌ بۆچى؟ خۆ رێككه‌وتنى له‌وجۆره‌ ئێستاش هه‌ر ماوه‌ و ئێران ئاماده‌یه‌ پابه‌ند ببێت پێوه‌ى.

له‌دواى داگیركردنى عێراق له‌ ساڵى 2003دا ئه‌مریكییه‌كان هه‌میشه‌ ئۆباڵى هێرشه‌ پارتیزانییه‌كانى عێراقى ده‌خسته‌ ئه‌ستۆى ئێران. هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ئه‌و تۆمه‌ته‌ درۆیه‌كى گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ له‌و قۆناغه‌دا عێراق پڕبوو له‌ چه‌ك و له‌ كه‌سانى پسپۆڕى بوارى سه‌ربازیى له‌ پاشماوه‌كانى سوپاى عێراق. له‌و سه‌رده‌مه‌دا پارتیزانه‌كان هیچ پێویستییه‌كیان به‌ ئێران و پسپۆڕه‌كانى ئێران نه‌بووه‌.

هه‌تا ئێستا درۆ و فریودان هه‌ر تایبه‌ت بووه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كان. سه‌رنج بده‌ له‌و پرۆژانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستینه‌وه‌. پرۆژه‌كه‌ى گرێبه‌ستى سه‌ده‌ به‌ كرده‌وه‌ خه‌ونى دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى فه‌له‌ستینى به‌ته‌واوى له‌ناو ده‌بات. ئه‌م پێشنیاره‌ رێك پێچه‌وانه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئۆسلۆیه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ترامپ ناوبنێین سیاسه‌ت ده‌توانین بڵێین سیاسه‌ته‌كه‌ى ترامپ بۆ داگیركردنى یه‌كجاره‌كى كه‌نارى خۆرئاوایه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌. كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ریكه‌ ئێمه‌ و عه‌ره‌به‌كانیش و بگره‌ خوودى فه‌له‌ستینییه‌كانیش باوه‌ڕ ده‌كه‌ین كه‌ ئامانجى گرێبه‌سته‌كه‌ به‌رقه‌راركردنى ئاشتییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

زۆر سه‌یره‌ له‌ جیهانێكدا كه‌ تیرۆركردنى فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازیى به‌ راگه‌یاندنى جه‌نگ له‌قه‌ڵه‌م نادرێت، ئێمه‌ خه‌ریكین ورده‌ ورده‌ ئه‌م درۆیانه‌ قبووڵ ئه‌كه‌ین. دیاره‌ خه‌ڵكى خۆرئاوا هیواداره‌ گه‌وره‌ترین درۆزنى جیهان ساڵى ئاینده‌ له‌سه‌ر كار نه‌مێنێت. به‌ڵام من خوودى خۆم گومانم هه‌یه‌ شتى وا رووبدات. وڵاتێك كه‌ هه‌ر خه‌ریكى درۆكردنه‌ چۆن به‌ ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و درۆزنه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌م گۆشه‌یه‌وه‌ سه‌یرى رووداوه‌كان بكه‌ین بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ ئێرانییه‌كان به‌راورد به‌ خۆرئاوا به‌ حه‌وت ئاو شۆراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هیچ نه‌بێت سه‌ره‌نجام تاران دانى به‌ هه‌ڵه‌كه‌یدا نا.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure