گۆڕان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەیاسای چاكسازی راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 486‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: یاسای چاكسازی، چاكسازییە لەخەرجی، بەڵام چاكسازی نییە لەداهات، لەماوەی رابوردوودا كۆمەڵێك كاری نایاسایی كراوە، ئەم یاسایە ئەو كارە نایاساییانە چاك دەكاتەوە، ئاماژە بەوەش دەكەن كە پەرلەمانتاران سەرپشك دەكەن لەوەرگرتن یان رەتكردنەوەی مووچەی خانەنشینی.

ئەمڕۆ 18ی کانونی دووەمی 2020 جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆبوونەوەی خۆی سازكرد، دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر ئاستی عێراق پێیان باشە عێراق لەبۆشایی دەستوری نەمێنێتەوە و حكومەتی نوێ دروست بكرێت و سەرۆك وەزیرانی نوێ وەڵامدەرەوەی شەقام بێت، هەروەها هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق بمێننەوە، چونكە هێشتا مەترسی داعش ماوە.

سەبارەت بەدەركردنی یاسای چاكسازی لەپەرلەمانی كوردستان، ناوبراو روونیكردەوە: "بۆ ئەو یاسایە بەتەواوی پشتگیری فراكسیۆنەكەمان دەكەین و سوپاسی ئەو فراكسیۆنانەش دەكەین كە بەهەماهەنگی توانیمان یاساكە دەربچوێنین، حەقیقەتێك هەیە هەموان دەیزانین و گۆڕان باش دركی پێكردووە ئەو یاسایە چاكسازییە لەخەرجی و چاكسازی نییە لەداهات، لەماوەی رابوردوودا كۆمەڵێك كاری نایاسایی كراوە، ئەم یاسایە ئەو كارە نایاساییانە چاك دەكاتەوە".

هەروەها وتی: "پێشتر سندوقی خانەنشینی نەبووە، لەمەودوا دەبێت هەبێت، خانەنشینی پلە باڵاكان پێیدا چووەتەوە، ئێمە پێمان خۆشبوو خانەنشینی پلە باڵاكان لەئاستی نزمتر بێت، بەڵام بۆ ئەوەی لەنێوان هیچ و رێژەیەك هەبێت، ئێستا 15% بۆ سەرەوە بۆ ئەم قۆناغە پشتگیری دەكەین".

روونیكردەوە: "بەشداری ئێمە لەحكومەت بەشدارییە لەچاكسازی ئەوەش هەنگاوێكە لەچەندین هەنگاو بۆ چاكسازی لەداهات، ئێستا فراكسیۆن سەرقاڵی پرۆژەیەكە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها چاكسازی لە رۆتینی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد: "ئەم یاسایە  هەنگاوێكە لەبەشێك لەچاكسازی لەخەرجی، بۆ چاكسازی لەداهات دوای پشووی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكەین لەنەوت و خاڵە سنووری و داهاتی ناوخۆ، لەكوردستان  بەداخەوە ئیشەكان بەخاویی دەڕوات كە ئەوەیان پەیوەندی بەئێمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەپەرلەمان و حكومەتەوە هەیە".

بۆ مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی گۆڕان، د. دەرباز وتی: "وەك لەیاساكەدا هاتووە سەرپشككراون، ئێمەش پەرلەمانتاران سەرپشك دەكەین بۆ وەرگرتن یان رەتكردنەوەی مووچەی خانەنشینی".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure