شەوی رابوردوو 22 پەنابەر لە دەریای ئیجە لە خنکان رزگار کران

هەواڵ / جیهان :: 18/01/2020‌ :: 601‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

شەوی رابوردوو 22 پەنابەر لەدەریای ئیجە لە خنکان رزگار کران کە بەنیازبون بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بپەڕنەوە.

هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لەتورکیا بەدواڕۆژی راگەیاند: "درەنگانی شەوی رابوردوو لە ناوچەی ئێنزی سەر بەشاری ئەدرنا لە نێو دەریای ئیجە بەهۆی سەختی کەشوهەواوە بەلەمێکی چوپی پەنابەران نقوم دەبێت، پەنابەرەکان سەرەتای تێکشکانی چوپەکەیان پەیوەندی دەکەن بە پۆلیسی دەریاوانیەوە بەڵام بەهۆی سەختی کەشوهەواوە شوێنەکەیان بۆ دیاری ناکرێت، بەڵام بەهۆی هێلیکۆپتەرەوە دەدۆزرێنەوە و سەرجەمیان رزگار دەکرێن".

وتیشی: "پەنابەرەکان پێکهاتبوون لە 22 پەنابەر کە 14 پەنابەریان ژن  بوون".

باسی لەوەشکرد: هەمان رۆژ لەشاری ئەدرنا لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا 5 پەنابەری ئەفغانی و پاکستانی و 2 قاچاخچی عێراقی دەستگیرکران، رۆژی پێشتریش لە ناوچەی ئایڤاچەکی سەر بەشاری چانکاڵێ 70 پەنابەر لە نێو دوو چوپدا دەستگیرکران کە 35 کەسیان منداڵ بوون. لەناوچەکانی مریس و کیشانی سەر بەشاری ئەدرنا 148 پەنابەر دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە پەنابەرانی وڵاتانی عێراق، ئێران، سوریا، پاکستان، مەغریب و جەزائیر.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure