وادەیەک بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی پەرلەمانتاران له‌مافى خانه‌نشینى دیاریکرا

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 361‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ پشت به‌ست بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە عێراق  ئاژه‌ به‌وه‌ده‌كات، له‌ سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌وه‌ تاوه‌كو ماوه‌ی یه‌ك مانگ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى نایانه‌وێت خانه‌نشین بن ده‌توانن له‌ دیوانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌ به‌ر.

رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە مافی خانەنشینی له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە عێراق کەس ناتوانێت دەستبەرداری خانەنشینییەک ببێت کە بە یاسا پێی دراوە، بەڵام ئەگەر بەدەقێکی یاسایی لە یاسایەکی تر، دەستبەرداربوون رێکخرا، ئەوا هەرکەس لەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە دەتوانن بەپێی رێوشوێنی یاسایی دەستبەرداری مافی خۆیان ببن.

ئه‌وه‌شى خستووەته‌ڕوو: به‌پێى یاساى خانه‌نشینى عێراق، خانەنشین بوون بۆ هەموو ئەوانەی لەخوار تەمەنی 60 ساڵن لەعێراق و خوار 63 ساڵن لە هەرێم، ئیجباری نییە، بەڵام ئەگەر تەمەنی 45 ساڵییان تەواو کرد و 15 ساڵ خزمەتیان هەبوو، چ لە عێراق بن یان لە هەرێم دەتوانن خانەنشین ببن، ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن، یاسا ناچاریان ناکات بە خانەنشین بوون، بەڵکو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان.

سه‌رۆكى په‌رله‌مان، روونیشیكردووەته‌وه‌: به‌پێى یاساكه‌ سەبارەت بە پەرلەمانتارانی هەموو خولەکانی پەرلەمان، بەپێی بڕگەی (چوارەم) لە مادەی (۷)ی یاسای چاکسازی، تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەر چەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت، دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەک پەرلەمانتار، ئەم دەستبەرداربوونە رێگر نییە لەوەی دواتر بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە هەرێم (شارستانی یان سەربازیی)، خانەنشین ببن.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: بۆهەر بەڕێزێک لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەکانی ترى په‌رله‌مانى كوردستان کە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن، لە ماوەیەک کە لە (30) رۆژ لە رێکەوتی بەرکاربوونی یاساکە تێپەڕ نەکات، دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشکەش بکەن.

ئاشكراشی كردووه‌: یاساکە رۆژی یەکشەممە 19ی کانونی دووەمی 2020 ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، دوای واژۆکردنی لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم، بۆ رۆژنامەی رەسمی (وەقایعی کوردستان) دەنێردرێت و دوای بەرکاربوونی یاساکە، دیوانی پەرلەمان بە راگەیەندراوێک دەستپێکردنی وادەی (30) رۆژەکە بەشێوەی یاسایی رادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێک لەو (30) رۆژەدا داوای دەستبەرداربوون پێشکەش بکات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت.

ده‌شڵێت: "پێش ئەو وادە و رێوشوێنەی لە بڕگەی چوارەمی مادەی (7)دا باسکراوە، هەر پەرلەمانتارێک پێشتر فۆرم و داوا پێشکەش بکات، لەڕووی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبوونی هەر دەمێنێت".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure