ژماره‌یه‌ك بۆمبى نه‌ته‌قیو مه‌ترسى له‌سه‌ر پارێزگایه‌کى هه‌رێم دروست ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 622‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ژماره‌یه‌ك له‌ خێزانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردوین كه‌ تائێستاش بۆمبى نه‌ته‌قیوى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ حه‌وشه‌ى ماڵه‌كانیاندا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ نازانرێت بۆمبى كیمیایین یاخود نا، بۆیه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین ئه‌و پرسه‌ به‌جددى وه‌ربگرن.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ پاش تێپه‌ڕبوونى 32 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا تائێستاش ژماره‌یه‌ك بۆمبى نه‌ته‌قیوى ئه‌و كاته‌ كه‌ ژماره‌یان حه‌وت بۆمبه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خانووى هاووڵاتیاندا ماوه‌ته‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ك جێگه‌ى مه‌ترسین، چونكه‌ گومان ده‌كرێت ئه‌و بۆمبانه‌ بۆمبى كیمیایى بن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تائێستا حه‌وت خێزان سه‌ردانیان كردوین كه‌ له‌ حه‌وشه‌ و ماڵه‌كانیاندا بۆمبى نه‌ته‌قیوى كاتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان حه‌وت بۆمبه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نێكى پسپۆڕ ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌مانه‌ بۆمبى كیمیایین یاخود نا، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا هه‌ر جێگه‌ى مه‌ترسین.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و پرسه‌ به‌ جددى وه‌ربگرن لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن، چونكه‌ له‌ حاڵه‌تى ته‌قینه‌وه‌ى یه‌كێك له‌و بۆمبانه‌دا كاره‌ساتێكى نه‌خوازراو دروست ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure