چیرۆكی دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سوتاندنی بێوەژنە هندییەكان

هەواڵ / چاوی تۆ :: 18/01/2020‌ :: 112‌ جار بینراوە
عەلی مەحمود محەمەد

تا ساڵی 1828  لە وڵاتی هیندستان ئەگەر پیاو بمردبایه‌ ئەوا ژنەكەیشیان بە زیندوویی و بە زۆر و بە دەم شیوەن و گریانەوە لە گەڵ پیاوەكەدا دەسووتاند. لە میسری كۆنیشدا ئەگەر فیرعەون، كە پۆستی سەرۆك بوو نەك ناوی كەس، بمردبایه‌ ئەوا لە گەڵ خۆیدا زێڕ و زیوو و شتە بە نرخەكانیان لە گۆڕەكەی دادەنا تا لە جیهانی داهاتوودا بەكاریان بهێنێت. 

ئەم جۆرە نەریتانە باو بوون تا ماوەیەكی زۆر. ئێستا پەرلەمان  و وەزیرەكانی ئێمەیش هەروا دەكەن، لەگەڵ خۆیاندا نەسریەكان و حیمایەكانیشیان كە كوڕ و زاوا و خەزوور و برا و برازای خۆیانن، لەگه‌ڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەكەیان دەیبەن. من باسی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و جێگرەكانیان ناكەم، ئەوانە ماڵی قارونیان هەیە و منەتیان بەو مووچەو نەسریە و شتانە نییە.

لە هەموو دنیا، بەم وڵاتەیشەوە، دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر بنچینەی مووچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت كە ئەوەی هەیە لە كوردستان زیاترە لە مووچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان. هەرچی دەرماڵەی  میوان و لیژنە و هاتوچۆیە ئه‌وا "سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداریی 4,5ملیۆن دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداریی 4ملیۆن دینارە، سکرتێری پەرلەمان 3,350ملیۆن  دینارە، دەرماڵەی میوانداریی پەرلەمانتاران یەکیى 1,5ملیۆن  دینارە، دەرماڵەی هاتووچۆیان 1ملیۆن دینارە، دەرماڵەی لیژنە 500هەزار دیناره". ئەم دەرماڵانە پەیوەندییان بەكاتی كاركردنیانەوە هەیە لەو شوێنە، كە كار نەما ئەو نەسریە و مەترسی و موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت لەبەرئەوەی لەبەرامبەر كارەكە بۆیان دابینكراوە، بەڵام بۆ پەرلەمانتار و وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری  لە كوردستان دوای خانەنشینینبوونیان بەردەوام دەبێت و  نابڕدرێت. میوانانە و لیژنانە و هاتوچۆیانەی خۆیان هەر وەردەگرن. هەقوایە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانن  لەوێیش  سۆسیال وەردەگرن، خارجیانەشییان بدەنێ بۆ ئەوەی هاوكێشەكە تەواو بێت.

خاڵێكی دیكە ئەوەیە، ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لە باسكردنی لادەدەن مووچە زەبه‌لاحەكانی ئێستایانە كە لە مووچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە نەك ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە، ئامادەم بە فاكت بیسەلمێنم. پێویستە ئەو مووچەیەیش بكەوێتە چوارچێوەی چاكسازییەوە و كەمبكرێتەوە بۆ نیوە، ئەگەر مووچە بەرزەكان لە شوێن خۆیان بمێنن كەواتە هیچمان نەكردووە، چونكە جیاوازیی بەرزترین و كەمترین لە شوێن خۆیان ماون، با هەر قەد ببڕین، گرنگ پۆپەی سەرەوە و رەگ-ی خوارەوەیە دوورییان لەیەكتر كەمبكرێتەوە، كە قیاسی نادادپەروەرییەكەیە. گرنگ كەمكردنەوەی جیاوازیی زۆرترین و كەمترینە، ناوەند قورسایی لەسەر بودجە و نەهێشتنی دیاردەیەكی شاز هەیە، وەلێ  بۆ عەدالەت گرنگترین شت كەمكردنەوەی جیاوازیی كەمترین و زۆرترینە، كە مووچەی سەرۆكایەتی و پلە باڵاكانە لەگەڵ كەمترین مووچە لە هەرێمی كوردستان كە چاودێریی خێزانییە. دەبێت ئەو جیاوازییە كەمبكررێتەوە، بۆئەوەی نەڵێن لە كوردستان جیاوازیی مووچەی پەرلەمانتارێك و كەمئەندامێك 116 جارە.

لەكۆتادا دەڵێم لە دوای سوێندی 12پەرلەمانتارەكەی خولی پێشوەوە كە سیانیان ئێستا سەرۆكی لیستن، باوەڕم بە هیچ كەس نەماوە، بۆیە بۆ هیچ لێدوان و گفتێك ناكەومە سەما.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure