چارەنوسی هەڵبژاردنی سەندیكای پارێزەران به‌نادیارى ماوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 177‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

بڕیاربوو لە تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابوردوو سه‌ندیكای پارێزەران هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەن و نەقیبی سەندیكای پارێزەران بكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییه‌كان چاره‌نووسى نادیارە.

 
هەندرێن جەلال، ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: لیستەكانی ناو سەندیكا بڕیاریان دابوو له‌ 29ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابوردوو دوادەرفەت بێت بۆ ئەوەی نەقیبی نوێ بۆ سەندیكای پارێزەران و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران هەڵبژێردرێن، بەڵام  بەهۆی ناكۆكی نێوان دوو لیست هەڵبژاردنه‌كه‌ بەچارەنووسێكی نادیار سپێردراوە.

وتیشی: "لیژنەی باڵای كۆنگرە كارەكانی ئەو پرسەیان رادەستی ئەنجومەنی پێشوو و نەقیبی پێشووی سەندیكای پارێزەران كردووەتەوە بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكەن، بەڵام  له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێویستی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی لیستى یه‌كێتى و پارتى هه‌یه‌ كه‌ ناكۆكن".

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌رده‌ڵان ره‌شید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای كۆنگره‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌ران به‌ دواڕۆژی راگەیاند: بڕیاروایه‌ له‌ 23ى ئه‌م مانگه‌، دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كۆببنه‌وه‌ و به‌روارێكی تر دیاریبكه‌ن كه‌ ده‌بێتە دوایین واده‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیایدا سه‌ندیكای پارێزه‌ران نه‌قیب و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێرێت.

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە ساڵی (1993) دامەزراوە و پێنج لقی لە پێنج شاره‌كانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك و هەڵەبجە) هەیە و نزیكەی هەشت هەزار پارێزەر (ئەندامی كارا)ن تیایدا.

ئەنجومەنی سەندیكا لە (10) ئەندام پێكدێت و نەقیب-یش سەرپەرشتى و سەرۆكایەتی و نوێنەرایەتی دەكات، ئەو ئەنجومەنە (11) كەسییە سێ ساڵ جارێك لەلایەن كۆی ئەندامانی سه‌ندیكاوه‌ هەڵدەبژێردرێن.

پ: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure