تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کەشوهەوا چۆن دەبێت؟

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 6711‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچه‌ر عەلی

کەشناسیی هەرێم رایدەگەیەنێت: کاریگەریی ئەم شەپۆلەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و بارینی بەفریش تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت.


بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 18ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی راگه‌یاند: ئەو کاریگەرییە بارستە هەوا ساردەی لە دەریای ناوەڕاستەوە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تا رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. ئاسمانی هەرێم تا رۆژی چوارشەممە هەوری تەواو دەبێت و لە هەندێ کاتی جیاوازدا دەگۆڕێت بۆ هەوری پچڕپچڕ، بەڵام بارینی باران لە ناوچە جیاجاکان بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.

وتیشى: "رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، لە سنووری پارێزگای کەرکوک و تایبەت لە دووزخورماتوو و ناوچەکانی نزیک ئەو سنوورە بارانێکی زۆر دەبارێت".

بژار ئەکرەم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە و کەشێکی سارد روو لە هەرێم دەکات. 

رونیشیكرده‌وه‌: رۆژی هەینی داهاتوو 24ى كانونى دووه‌م کاریگەریی شەپۆلێکی تری باران و بەفر روو لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و بارانێکی زۆر لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت.
 
پ: ل. م
ب: شیروان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure