لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانى كادیره‌كه‌ى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر پێكده‌هێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 999‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

یه‌كێتى گومانى له‌ رووداوى گیان له‌ده‌ستدانى كادیره‌كه‌ى له‌ناو ئاسایشى هه‌ولێر هه‌یه‌ و له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌و حزبه‌ داوایكردوه‌ هۆكارى كوشتنى كادیره‌كه‌یان بۆ روونبكرێته‌وه‌.


شه‌وى (دووشه‌ممه‌ى رابوردوو 12ى كانونى دووه‌مى 2020) هێزێکی دژە تیرۆری هەولێر هەڵیانکوتایەسەر ماڵێک لە شارۆچکەی باتاسی نزیک هەولێر و پێشمەرگەیەکى سه‌ر به‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان-یان به‌ناوى (مەجید ئیبراهیم- تەمەن 40 ساڵ) لە ماڵەکەی خۆیدا بە تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى مامەڵەی بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە دەستگیرکرد.

ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى یه‌كێتى كه‌ پاش سێ رۆژ له‌ ده‌ستگیركردنى به‌ مردوویى راده‌ستى كه‌سوكاره‌كه‌ى كرایه‌وه‌ دوێنێ هه‌ینى به‌خاكسپێدرا و ئاسایشى گشتیى هه‌ولێریش له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ لە بەندیخانە خۆی خنکاندووە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى یه‌كێتى سه‌ر به‌ لیواى حه‌وتى یه‌كێتیى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ى كادیرى ئه‌و حزبه‌ بووه‌ له‌ سنوورى ناوچه‌ى سۆران و شه‌قڵاوه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌ پیشه‌ى ئاژه‌ڵدارى خه‌ریك بووه‌، له‌رووى دارایشه‌وه‌ بارودۆخى باش بووه‌ به‌وپێیه‌ى كارى كڕین و فرۆشتنى ئاژه‌ڵى ئه‌نجامداوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ یه‌كێتى به‌ فه‌رمى داواى روونكردنه‌وه‌ى له‌ به‌رپرسانى ئه‌منى و حكومى و مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان كردووه‌ تاوه‌كو هۆكارى رووداوه‌كه‌ى بۆ روونبكرێته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتى گومانى هه‌یه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست كوژرابێت، به‌وپێیه‌ى ناوبراو یه‌كێك بوو له‌ كادیره‌ چالاكه‌كانى ئه‌و حزبه‌ له‌و سنووره‌ و به‌تایبه‌ت له‌كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش کەسوکاری (مەجید ئیبراهیم) رایانگەیاند: گومانیان لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان هەیە و داوای لێکۆڵینەوەی زیاتریان کرد لە لایەنە پەیوەندیدارەکان. 

ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆته‌وه‌ کە دەریدەخات شوێنی پەت بە ملی قوربانییه‌كه‌وه‌ دیارە و گوایە وێنەکان لەکاتی پشکنینی تەرمه‌كه‌ی لە پزیشکی دادی گیراون، به‌ڵام له‌ چه‌ند به‌شێكى ترى جەستەیدا شوێنی ئازاردان بە دیاردەکەوێت. 

سەعید مەسیفی، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گشتیى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگەیاند: یه‌كێتیی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش لەگەڵ پارتی له‌سه‌ر كوژرانی پێشمه‌رگه‌كه‌ی پێكده‌هێنێت و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رپرسانی دیكه‌ی یه‌كێتی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان له‌گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو زیندانه‌كانی پارتی ئاگاداركردۆته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سه‌ركردایه‌تی گشتی یه‌كێتی سه‌رقاڵی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و روداوه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure