بێكارى و گه‌ڕان به‌دواى چاره‌نووس و پاشان مه‌رگ پێكه‌وه‌ كۆیكردنه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/01/2020‌ :: 4441‌ جار بینراوە
به‌شێك له‌ گه‌نجه‌ كورده‌كانى ناو به‌له‌مه‌كه‌ پێش رووداوه‌كه‌

تاگ :: پەنابەران

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

بێكارى و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌ ژیانێكى باشتر له‌ خه‌ونى گه‌یشتنى به‌ ئه‌وروپا، پاڵنه‌رى ئه‌و گه‌نجانه‌ بوون كه‌ هه‌فته‌ى رابوردوو به‌له‌مه‌كه‌یان له‌ كه‌ناراوه‌كانى یۆنان ژێرئاوكه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ توشى مه‌رگ و بێچاره‌نووسى هات.


له‌نێو ئه‌و به‌له‌مه‌دا 7 گه‌نجیان دانیشتووى ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین بوون، كه‌ تائێستا ته‌رمى دوانیان دۆزراوه‌ته‌وه‌ و پێنجى تریشیان بێسۆراخ و بێسه‌روشوێن ماونه‌ته‌وه‌.

كارێكى گونجاوى ده‌ستنه‌كه‌وت
(رێبین)ى ته‌مه‌ن 25 ساڵ یەکێکه‌ له‌و گه‌نجانه‌ى له‌ رووداوه‌كه‌دا خنكا و ئێستا ته‌رمه‌كه‌ له‌ یۆنانه‌.

عه‌باس، باوكى ئه‌و گه‌نجه‌ بە دواڕۆژی وت: "کوڕەکەم دەرچووی بەشی کارەبا بوو، نزیکەی سێ ساڵ بوو خوێندنی تەواوکردبوو، هەموو کات دەیەویست لە بەشەکەی خۆی دابمەزرێت یاخود کارێکی گونجاوی دەستبکەوێت، بەڵام نە دامەزراندنی حکومی هەبوو نە هەلێکی گونجاو لە کەرتی تایبەت، بۆیە ناچار رۆژانە لە کارگەیەکی رانیە بە بڕە پارەیەکی کەم کە چەند هەزار دینارێک بوو کرێکاری دەکرد".

باوکی رێبین باسی لەوەشکرد: کوڕەکەی بەهۆی بێکاری و بێئیشی بیرۆکەی رۆیشتنی بۆ وڵاتانی ئەوروپی له‌لادروستبوو و داوای رۆیشتنی دەکرد، سه‌ره‌تا رازى نه‌بووه‌، به‌ڵام پێداگیرى كوڕه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هەر کۆچ دەکات و لەوێ بۆ خۆی کارێک دەکات و ناتوانێت چیتر لەم بێکار و بێ ئیشیەی هەرێم بژیت ناچار به‌ ره‌زامه‌ندى ده‌كات.

ئه‌وه‌شى وت: "بەڵام بەداخەوە رێیبن بەخەونەکەی نەگەیشت و چەند رۆژێکی تر تەرمەکەی دەگەڕێتەوە".

"ئه‌گه‌ر به مووچەیەکی کەمیش دابمەزرێم کۆچ ناکەم"
ئەمە وتەی (پشتیوان بەکر)ى ته‌مه‌ن 27 ساڵه‌، یه‌كێكى تر له‌و گه‌نجانه‌ى رووداوه‌كه‌ كه‌ تائێستا بێسه‌روشوێنه‌، هەرچەندە خێزانەکەی پرسەیان بۆ داناوە.

(شاڵاو بەکر)ی برای بۆ دواڕۆژ وتى: "پشتیوان دەرچووی بەشی کارگێڕی بوو، ئەو بێهیوابوو کە لە کوردستان نەدادەمەزرێ و نە کارێکی باشی دەستدەکەوێت، بۆیە بڕیاریدا بەرەو ئەوروپا کۆچ بکات".

ئه‌وه‌شى وت: ئەوان وەک كه‌سوكار و براکانی رازی نەبوون کە پشتیوان کۆچ بکات، پێیان ووتبوو کە هاوكارى دەکەن و لەهەر شتێک بیەوێت بۆی دابیندەکەن، بەڵام پشتیوان وه‌ڵامى داونه‌ته‌وه‌ كه‌ "ناکرێت هەر ئێوە هاوکاری من بکەن، من دەبێت خۆم پشت بە خۆم ببەستم و داهاتووی خۆم دروستبکەم، من کە لێرە بە مووچەیەکی کەمیش دابمەزرامایە کۆچم نەکرد بۆ ئەوروپا".

به‌ره‌و داهاتوویه‌كى گه‌ش چوو، به‌ڵام بێ چاره‌نوس مایه‌وه‌
گه‌نجێكى ترى ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ناوى (کۆسرەت عەبدوڵا) بێسه‌روشوێنێكى ترى رووداوه‌كه‌یه‌.

(سەفەر عەبدوڵا)ی برای لە باسی چیرۆکی کۆچی براکەی وتی: "کۆسرەت تا قۆناغی 10ی ئامادەیی خوێند، بەڵام بەهۆی بێهیوایی لە نەبوونی هەلی دامەزراندن و هەلی کار وازی لە خوێندن هێنا، دواتر کەوتە دۆزینەوەی هەلی کار، بەڵام هیچ کارێکی گونجاوی ئەوتۆی دەستنەکەوت کە بتوانێت داهاتوویەک بۆ خۆی دروستبکات".

وتیشى: "بۆیه بڕیاریدا بۆ دروستکردنی ژیانێکی خۆش کۆچی هەندەران بکات و داهاتووی رۆشن بێت، بەڵام ئەوەتا ئێستا چارەونوسیشی نادیاره و چاوەڕێی میهرەبانی خوداین تا هەواڵێکی بزانین".

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران و ئاوارەکان، لە یەختە نقووم بووەکەی 11ى ئه‌م مانگه‌ى دوورگەی پاکسوسی وڵاتی یۆنان 22 گەنجی باشوری هەرێمی کوردستانی تێدابووە کە تەرمی 5 گەنجیان دۆزراوەتەوە، بەڵام چارەنوسی 12 گەنجی تر هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.

پ: شیروان شریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure