دەرچووە دانەمەزراوەکانی کورد لە کەرکوک خۆپیشاندان ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 111‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، راپۆرتى عیماد جەباری

دەرچووانی کوردی دانەمەزراو بڕیاریاندا سبەی یەکشەممەی داهاتوو 19ی کانونی دووەمی 2020 خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە بەردەم پەروه‌ردەی کەرکوک ئەنجامبدەن.


لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی دامەزراندنەکانی کەرکوک کە کەمترین پشک بەر کورد کەوتووە، دەرچووانی کورد (ئەنجومەنی باڵای دانەمەزراوانی کەرکوک)یان راگەیاند بۆ فشار خستنەسەر پەروەردە تاوەکو بەر بگیرێت بەو نادادپەروەرییەی لە دامەزراندنەکاندا بەدی دەکرێت و لە بەرژەوەندی عەرەب ئه‌نجامدراوه‌.

سۆران عەبدولکەریم، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دانەمەزراوانی کورد بە دواڕۆژی راگەیاند: سبه‌ى خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری رێکدەخەین بەرامبەر پەروه‌ردەی کەرکوک لە گەڕەکی تسعین کە چاوەڕوان دەکرێت هەزاران دەرچووی دانەمەزراو بەشداربن.

وتیشی: "لەخۆپیشاندانەکەدا داواکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیستانە دەبێت کە راگەیەندراوە و جارێکیتر لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆرەوە پلە وەزیفییەکان دابەشبکرێت چونکە تێبینی کراوە پەروەردە خۆشی پابەندی رێنمایی و مەرجەکانی خۆی نەبووە".

ئەو رێکخەرەی خۆپیشاندانەکە ئەوەشی خستەڕوو: هەوڵیانداوە مۆڵەتی رەسمی وەربگرن بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و پارێزگاری کاتیی کەرکوکیان کردووە، بەڵام سودی نەبووە. دەشڵێت: "سوورین لەسەر رێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گوێ بەهیچ لایەنێک نادەین".

بۆ بەشداری لەخۆپیشاندانەکەش، لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایانیی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ دەرچووانی دانەمەزراو دەربڕیوە.

حەسیبە عەبدوڵا، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایان داوایکرد مامۆستایان و خەڵکی کەرکوک سەرجەمیان بەشداربن لەخۆپیشاندانەکە بۆ گەڕانەوەی مافی کورد.

ساڵی رابوردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق زیاتر لە دوو هەزار و 800 پلەی وەزیفی بۆ کەرکوک تەرخانکرد، بۆ ئەو مەبەستەیش زیاتر لە 70 هەزار دەرچووی زانکۆ فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردەوە، بەپێی ئەنجامی دامەزراندنەکەش 500 پلەی وەزیفی بۆ کورد تەرخانکراوە و 300 پلەش بۆ تورکمان، هەرچی پشکە زۆرەکەشە دراوەتە عەرەب بەتایبەت حەویجە و دەوروبەری.

دامەزراندنەکان لەسەر بنەمای لەشوێن دانانەوەی ئەوانەی شوێنەکانیان چۆڵ دەبێت (خانەنشین بون یان مردن ...ھتد )ە بەپێی رێنماییەکانی بودجەی ساڵی 2019.

جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە دواڕۆژی راگەیاند: بەڕێوەبەر و جێگرانی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک و ئەو لیژنەیەی کە پێشتر دروستکراوە کە کورد و عەرەب و تورکمانی تیادا بووە، چەند خاڵێکیان داناوە بۆ هەموو ئەوانەی تەقدیم دەکەن بەپێی ئەو خاڵانە ریزبەندی خاڵیان بۆ دانراوە کە هەندێکیان لە زەرەری کورد بوون.

روونیشیکردەوە: لەساڵی 2014 لە حەویجە و شوێنەکانی داعشی لێ بووە دامه‌زراندن نەبووە و شوێنە چۆڵەکانیان پڕنەکراوەتەوە، میلاکی حەویجەش بەشێکیان گواستراونەتەوە بۆ کەرکوک و زیاتر ئەولەویەت بۆ ئەو شوێنانە دانراوە کە میلاکیان کەمە، پەروەردەی کەرکوکیش هیچ فشارێکی نەخستووەتە سەریان بۆ گەڕانەوە، ئێستا میلاکی قوتابخانەکانی حەویجە و ئەو ناوچانە نەقسی زۆرە بۆیە لەبەرژەوەندی کورد و تورکمان نیە.

وتیشی: "دامەزراندنەکە دابەشکراوە بەسەر ھەشت بازنەدا و کێبڕکێ لەسەر ئاستی ئەو بازنانە دەکرێ، بۆ نمونە ئەو ژمارانەی دانراوە لە حەویجە یان داقوق یان قەرەهەنجیر خەڵکی شوێنی تر بۆی نیە رکابەریی لەسەر بکات ئەمەش لە بەرژەوەندی کورد و تورکمان نیە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو: کە ئەوانەی تەقدیمیان کردووە ئەگەر باوک یان دایکیان پێشتر مامۆستا بوو بێت و خانەنشین بوون خاڵ وەردەگرن، لە حەفتاکان و هەشتاکان کورد لەو شارە تەعین نەبووە تا خانەنشین بووبێ، ئەگەر هەبووبێت تەرحیل کراوە لەمەش خانەنشینی هەرێم حسابی بۆ نەکراوە.

پ: شیروان شریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure