هه‌سه‌ده‌ لێدوانێكى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 18/01/2020‌ :: 226‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات به‌ ئازادكردنى چه‌كدارانى داعش تۆمه‌تبار ده‌كات و به‌رپرسانى ئه‌و هێزه‌ش ئه‌و لێدوانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.


سێرگى لاڤرۆڤ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا (دوێنێ هه‌ینى 17ى كانوونى دووه‌مى 2020) رایگه‌یاند: هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ چه‌كداره‌كانى داعش ئازادده‌كه‌ن.

لاڤرۆڤ وتیشی: "چه‌ند راپۆرتێكى نهێنى گه‌یشتوونه‌ ده‌ست ئه‌وان كه‌ ئاشكرایده‌كه‌ن هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات، به‌نهێنى چه‌كداره‌كانى داعش له‌ به‌ندیخانه‌كانى ژێر ده‌ستى خۆیان ئازاده‌كه‌ن و ده‌ینێرنه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى سوریا ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌".

له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م لێدوانه‌دا، مه‌زڵوم كۆبانى، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى  سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند: "ئه‌و راپۆرتانه‌ى به‌رێز لاڤرۆڤ باسیده‌كات ورد نین". 

كۆبانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌: له‌باره‌ى به‌ندكراوه‌كانى داعش، هه‌ماهه‌نگییه‌كى نیمچه‌ رۆژانه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانى ئه‌وان و به‌ره‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه،‌ له‌وانه‌ش روسیا و ئه‌مریكا.

فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌ ده‌شڵێت: ئه‌وان له ئیداره‌كردنى ئه‌م دۆسیه‌دا سه‌ركه‌وتووبوونه‌، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنى ئاسایش و ئاشتى نێوده‌وڵه‌تى، سه‌ره‌ڕاى ئیمكانیاتى دیاریكراو و هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر ئاسایشى ناوه‌نده‌كانى ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان".

سه‌باره‌ت هه‌مان پرس، گابریێل كینۆ، وته‌بێژى فه‌رمى هێزه‌‌كانى سوریاى دیموكرات راگه‌یاند: ئێمه‌ ده‌ڵێین؛ ئه‌و راپۆرتانه‌ى گه‌یشتۆنه‌ به‌ر ده‌ستى لاڤرۆڤ دڵنیاكه‌ره‌وه‌نین.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "په‌یوه‌ندى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌م دۆسییه‌وه،‌ له‌وانه‌ رووسیا، ئێمه‌ تێڕوانین و زانیارییه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌وان ده‌ده‌ین كه‌ تۆمارى هه‌موو داعشه‌كان لاى ئێمه‌ هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت داعشه‌ سورییه‌كان، وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر له‌ باكور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا، به‌پێى قانوون بڕیارده‌دات، هه‌ر كه‌سێك سزاكه‌ى ته‌واو ده‌بێت، ئازاده‌كرێت و دادگاى هه‌رێمى له‌م باره‌یه‌وه‌ خاوه‌ن بڕیارن".

ئێستا، زیاتر له‌ 10 هه‌زار چه‌كدارى داعش له‌و به‌ندیخانانه‌دان كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵى هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتدان.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure