بڕیارێكى نوێ له‌باره‌ى به‌ستنى پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با ده‌رچوو

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2020‌ :: 522‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن
 
له‌ سنوورى گه‌رمیان 70هه‌زار هاوبه‌شه‌ى كاره‌با هه‌یه‌ و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا پێوه‌رى زیره‌ك بۆ هه‌موویان دابنرێت. به‌ وته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ئه‌و ماڵانه‌ى كاره‌باى زیاده‌ڕۆیان هه‌بووه‌ پێوه‌رى زیره‌كیان بۆ دانانرێت و "به‌پێى ئه‌م سیستمه‌‌یش‌ كێشه‌ى كاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌بێت". 


حازم كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای گه‌رمیان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌گه‌رمیاندا نزیكه‌ی 70هه‌زار هاوبه‌شی كاره‌با هه‌یه‌ و له‌و رێژه‌یه‌یش40هه‌زاریان ده‌كه‌وێته‌ سنوورى شارى كه‌لار-ه‌وه‌. ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك بۆ ئه‌و هاوبه‌شانه ‌و  بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا كۆتایى به‌ پرۆسه‌كه‌ بێت.

وتیشى: "له‌ لایه‌ن تیمه‌كانمانه‌وه‌ چاودێریى هه‌موو هاوبه‌شه‌كان ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ى به‌ زیاده‌ڕۆ كاره‌بایان راكێشاوه‌ و به‌ فه‌رمى هاوبه‌شى فه‌رمانگه‌ى كاره‌با نین كێبڵه‌كه‌ی لێده‌كرێته‌وه‌ و پێوه‌ره‌كه‌ی بۆ نابه‌سترێت". 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای گه‌رمیان ده‌ڵێت: "پێوه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای جێبه‌جێكاره‌وه‌ ده‌به‌سترێت و بۆ ماوه‌ى 28 رۆژ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ چاودێریی ده‌كرێت و سییانه‌كردنی له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ و دواتر له‌لایه‌ن به‌شی فرۆشتنی وزه‌ی سه‌ر به‌ كاره‌بای شاره‌كانه‌وه‌ و به‌پێی به‌رنامه‌ و پلانیكی دیاریكراو سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ سوودێكى زۆرى هه‌یه‌ و پێشبینى ده‌كه‌ین كاره‌بایه‌كی زۆر بگه‌ڕینێته‌وه‌ بۆ وێستگه‌كانی به‌هه‌مهینانی كاره‌با و به‌فێرۆدانی كاره‌با كه‌مبكاته‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌نیوه"‌.

له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، یه‌ك ملیۆن و 700هه‌زار هاوبه‌شی كاره‌با هه‌یه ‌و  تائیستا 10%ى كاره‌كانی به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ له ‌ته‌واوی كوردستاندا جێبه‌جێكراوه‌.

پ: ل. م 

ب: شيروان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure