هه‌نارده‌كردنى هێلكه‌ بۆ شاره‌كانى عێراق نرخى به‌رزكردوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/01/2020‌ :: 3869‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

نرخی هێلکە لە هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و شاره‌زایانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ هه‌نارده‌كردنى هێلكه‌ى خۆماڵى بۆ شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

به‌رزبونه‌وه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ نرخی کارتۆنێک هێلکە لە 32 هەزار دینارەوە گه‌یشتووه‌ته‌ 50 هەزار دینار و تەبەقێك لە سێ هەزار دینارەوە بۆ پێنج هەزار دینار بەرزبووەتەوە، لە مارکێتەکانیش كه‌ پێشتر 10 دانەی بە هەزار دینار دەفرۆشرا ئێستا شەش دانەی به‌و نرخه‌ ده‌درێت.

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم نایشارێتەوە ئەوان پابەندی بڕیاری حکومەتی عێراقن بۆ قەدەغەکردنی هێلکە.

جەمال ئاکرەیی، بەرێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە دواڕۆژی راگەیاند: بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیا و ئێران بڕیاری بەغدایە و هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەندە.

وتیشى: "لەبڕی هاوردەکردن لەمەودوا ناهێڵین هێلکەی خۆماڵی بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بڕوات".

بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری، ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بڕیارە بووەتەهۆی بووژانەوەی كاری پڕۆژەكانی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكە، ئێستا پێنجیان بەرهەمیان هەیە ‌و چاوەڕێدەكرێت پڕۆژەكانی دیكەش بكەونەوە كار، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكەی خواردن بكەونەوەكار ئەوا دەتوانن زیاد لە پێویستی ناوخۆ بەرهەمبهێنن.

بەکر قادر، فرۆشیارێکی هێلکەیە لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بە دواڕۆژی وت: حکومەتی عێڕاق هاوردەکردنی هێلکەی تورکی قەدەغەکردووە و حکومەتی هەرێمیش پابەندی ئەو بڕیارەیە و قەدەغەی کردووە بۆیە نرخی بەرزبووەتەوە.

وتیشى: "هێلکەی خۆماڵی زۆرە، بەڵام هەمووی دەڕوات بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێڕاق ئەگەر حکومەتی هەرێم رێگری لێبکات بەشی پێویستی ناوخۆ دابینبکرێت کێشە نامێنێت و پێویستمان بە هێلکەی هاوردە نابێت".

سەعید ئەحمەد، بازرگانێکی هێلکەیە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ وتى: ماوەی 20 ساڵە هێلکە لە تورکیا هاوردە دەکەین هیچ کێشەیەک نەبووە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە بڕیاری حکومەتی عێراق "کارەکەی خراپکرد".

سەعید ئەحمەد، ئه‌وه‌شى وت: "هەفتانە نزیکەی 15 هەزار کارتۆن هێلکەمان لە تورکیاوە هاوردە دەکرد، ئێستا دەمانەوێت هێلکەی کێڵگەکانی ناوخۆ بكڕینه‌وه‌، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ بەهۆی هەناردەکردنی بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێڕاق بەشى ئێمە ناکات هەر ئەوەشە نرخی هێلکەی گران کردووە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەموویان کاربکەن کە ژمارەیان 11 پڕۆژەیە، ساڵانە یەک ملیار ‌و 311 ملیۆن هێلكە بەرهەمیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە پێویستی هەرێمی كوردستان بە هێلكە نزیكەی 800 ملیۆنە.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure