ئاینده‌یه‌كى "نادیار" چاوه‌ڕوانى عێراق ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 17/01/2020‌ :: 593‌ جار بینراوە
هۆشدارى ده‌درێت

دواڕۆژ

رۆژنامه‌ى (فایننشاڵ تایمز)ى بڕیتانى راپۆرتێكى ده‌رباره‌ى بارودۆخى عێراق بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و تیایدا ئاینده‌ى وڵات به‌ ناڕۆشن ناوده‌بات، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى بووه‌ته‌ مه‌یدانى ململانێكانى ئه‌مدواییه‌ى نێوان ئێران و ئه‌مریكا.


رۆژنامه‌كه‌ نوسیویه‌تى: ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌هێزترین سه‌ركرده‌كانى گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق كوژرا له‌ هه‌مان ئه‌و بۆردومانه‌دا كه‌ تیایدا قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس كوژرا و هه‌ردوو وڵاتى ئه‌مریكا و ئێرانى به‌ره‌و كه‌ناره‌كانى جه‌نگ برد.

ده‌شڵێت: له‌كاتێكدا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئێران به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ یه‌كتر، گرنگییه‌كى ئه‌وتۆ به‌ كوژرانى موهه‌ندیس-ى ته‌مه‌ن 66 ساڵ نه‌درا، كه‌ پێشتر بۆ ماوه‌ى ساڵانێك "چقڵێك" بوو له‌ پشتى واشنتن-دا.

ئاماژه‌شده‌دات: به‌ڵام له‌گه‌ڵ هێوربوونه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ پاش قۆناغى یه‌كه‌مى تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ى ئێران، به‌رپرسانى عێراقى و شاره‌زایانى رۆژئاوایى هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌وه‌ى كوشتنى سلێمانى و موهه‌ندیس ده‌بێته‌ هۆى تێكچوونى تۆڕێكى به‌هێزى گروپه‌ شیعییه‌كان له‌ عێراق. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئێران له‌ وڵاتدا كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌ترسى ئه‌و گروپانه‌ و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیادده‌كات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژ به‌ناوى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق رایگه‌یاند: ره‌وشه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر ناكۆكى نێوان گروپه‌ شیعیه‌كان بته‌قێته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى رژانى ده‌ریایه‌ك له‌ خوێن".

له‌ 3ى كانونى دووه‌م قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ له‌ به‌غدا كوژرا.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌شدا له‌ 8ى ئه‌م مانگه‌ سوپاى پاسداران سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار و بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكاى له‌ هه‌ولێر موشه‌ك بارانكرد.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure