خه‌ونى ئه‌وه‌بوو شه‌هیدبێت و به‌ڕووداوێك گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/01/2020‌ :: 3270‌ جار بینراوە
مه‌جده‌ل ئه‌حمه‌د

دواڕۆژ، دهۆك

به‌ر له‌ سێ ساڵ بووه‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌شدارى چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنى له‌ دژى داعش كرد و وه‌ك هاوڕێیه‌كى ده‌ڵێت هیواخوازبوو شه‌هید بێت، به‌ڵام له‌ رووداوێكى هاتووچۆدا له‌ هه‌ولێر گیانى له‌ده‌ستدا.


مه‌جده‌ل ئه‌حمه‌د (ته‌مه‌ن 33 ساڵ) خه‌ڵكى شارى قامیشلۆى رۆژئاواى كوردستان پێنج ساڵ پێش ئێستا، به‌هۆى هه‌ژارى و نه‌بوونى، رووى له‌ باشوورى كوردستان كرد و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ كه‌مپى قوشته‌په‌ نیشته‌جێبوو.

مه‌جده‌ل، سه‌ره‌تا كارى جۆراوجۆر ده‌كات و دواتریش ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌شدارى چه‌ند شه‌ڕێك به‌تایبه‌ت له‌ زوممار و سحێلا ده‌كات.

هیواخوازبوو شه‌هید بێت
فه‌رهاد حه‌مۆ، هاوڕێى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ده‌ڵێت: "مه‌جده‌ل له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا (له‌شكرى رۆژ) خه‌باتى ده‌كرد، پێش هه‌موو شه‌ڕێك به‌تایبه‌تى له‌ شه‌ڕه‌كانى سحێلا، هیواى ده‌خواست له‌پێناو كوردستان شه‌هیدبێت، ئه‌و له‌مردن نه‌ده‌ترسا، هه‌موو جارێك ده‌یوت؛ یه‌ك جار ده‌مرین با ئه‌و مردنه‌ شه‌هیدبوون بێت".

له‌پێناو منداڵه‌كانى گیانى له‌ده‌ستدا
عه‌بیر پیرى، هاوسه‌رى مه‌جده‌ل بۆ دواڕۆژ وتى: "هاوسه‌رم، 11ى ئه‌م مانگه‌ كاتژمێر 6:30، له‌ ماڵ ده‌ركه‌وت و به‌ره‌و ئیش رۆیشت، ئه‌و له‌پێناو خۆشگوزه‌رانى من و هه‌ردوو منداڵه‌ى، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌ركى پێشمه‌رگا‌یه‌تى، كارى ئاسنگه‌رى له‌ هه‌ولێر ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ به‌ ماتۆرسكیله‌كه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامى 120 هه‌ولێر توشى رووداوێك بوو و ژیانى خۆى له‌ده‌ستدا".

دوو منداڵى له‌دواى خۆى به‌جێهێشت
هاوسه‌رى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ وتیشى: "ئێمه‌ دوو منداڵمان هه‌بووه‌، كوڕێك به‌ناوى ئه‌له‌ند كه‌ ته‌مه‌نى 8 ساڵه‌ و كچێك به‌ناوى زیلان ته‌مه‌نى 5 ساڵه‌، ئێستا ئه‌وان بێ باوكن، له‌بیرى باوكى خۆیان به‌رده‌وام ده‌گرین، چونكه‌ باوكیان هه‌موو ژیانى خۆى بۆ ئه‌وان دانابوو".

دوو ساڵى دوور له‌ دایك
هه‌نا پیرى، خه‌سوى له‌باره‌ى گیان له‌ده‌ستدانى زاواكه‌ى وتى: "مه‌جده‌ل له‌ناو هه‌موومان زۆر خۆشه‌ویست بوو، ئه‌و دوو ساڵ بوو، دایكى خۆى نه‌بینیبوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى دایكى له‌ رۆژئاوا بوو، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر دڵى هه‌موومان بووه‌ برینێكى له‌بیرنه‌كراو، چونكه‌ مه‌جده‌ل باوكیشى نه‌بوو، هه‌موو كاتێك باسى دایكى خۆى ده‌كرد، دواجار دایكى له‌ قامیشلۆ ته‌رمه‌كه‌ى بینییه‌وه‌".

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێد
رۆژى 13-ى ئه‌م مانگه‌، به‌رێوره‌سمێكى شایسته‌ ته‌رمى مه‌جده‌ل ئه‌حمه‌د به‌به‌شدارى سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاوڕێ و كه‌سوكارى له‌ رێگه‌ى ده‌ر‌وازه‌ى سێمالكا گواسته‌وه‌ رۆژئاواى كوردستان و له‌ گونده‌كه‌ى بارۆدیه‌ له‌ شارى قامیشلۆ به‌خاكسپێردرا.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure