به‌فربارین له‌م ناوچانه‌ى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2020‌ :: 6342‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

شه‌پۆلێكى به‌فر و باران روو له‌ شاره‌كانى هه‌رێم ده‌كات و به‌پێى وته‌ى شاره‌زایه‌كى كه‌شناسیش زیاتر له‌ 12 ناوچه‌ى هه‌رێم به‌فر ده‌یگرێته‌وه‌.


بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای سپى ناوەڕاستەوە پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە. 

ئەم شەپۆلە له‌ پاش نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى كانونى دووه‌مى 2020)ه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌ هه‌ندێك له‌ شار و ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركه‌وتووه‌.

هیوا مسته‌فا، شاره‌زاى كه‌شناسى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری راپەرین باران به‌ رێژه‌ى جیاجیا دەبارێت.

ده‌شڵێت: "ئەگەری هەیە لە دەوروبەری سلێمانی بەفرببارێت، بەڵام ناو سەنتەری شار هەر باران دەبارێ".

سه‌باره‌ت به‌ به‌فربارینیش به‌پێى پێشبینیه‌كان ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى (شارباژێر، چوارتا، ماوه‌ت، هەورامان، پێنجوێن، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسۆر، بارزان، شیلادزێ، ئامێدی، کانی ماسی و هه‌ندێك شوێنى تر) ده‌گرێته‌وه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئەم شەپۆلە پچڕپچڕه‌ و ئەگەری هەیە تا رۆژی دووشەمە کاریگەرییه‌كه‌ی بەردەوام ببێت، به‌ڵام كاریگه‌رى له‌سه‌ر ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک بەشێکی هەڵەبجە لاوازە.

هه‌روه‌ك به‌پێى سایتى (accuweather)ى تایبه‌ت به‌ كه‌شناسى جیهانى له‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى كانونى دووه‌مى 2020)ه‌وه‌ شه‌پۆلێكى به‌فر و باران شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كاندا چه‌ند رۆژێك پله‌كانى گه‌رما بۆ ژێر سفرى سیلیزى داده‌به‌زن و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رى بارینى به‌فر زیادده‌كه‌ن.

به‌پێى پێشبینیه‌كان باران و به‌فر تا كۆتایى ئه‌م مانگه‌ درێژه‌ى ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ رۆژه‌كان هه‌ور و هه‌تاو ده‌بن.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە