ترس له‌ ئاینده‌
"نه‌ته‌وه‌ كاتێك به‌هێز ده‌بێت كه‌ گرنگى به‌ لاواز بدات"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/01/2020‌ :: 275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌هه‌ر پێوه‌رێك لێكیبده‌یته‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ له‌ روانگه‌ى ئێستاوه‌ ترسێكى زۆرمان لا دروستده‌كات، چونكه‌ ئێستا چركه‌ساتێكى چاره‌نوسییه‌ له‌ مێژوودا. 


هه‌رگیز رۆژئاوا وه‌كو ئێستا رووبه‌ڕووى دابه‌شبوونى كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌رهه‌ڵدانى توندڕه‌وى نه‌بووه‌. توندڕه‌وى له‌ سیاسه‌ت و له‌ دیندا، له‌ جیهانێكدا كه‌ هێنده‌ به‌خێرایى ده‌گۆڕێت ئێمه‌ ناتوانین به‌رگه‌ى بگرین. دڵنیاشین له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رده‌وام و به‌هێزتر ده‌بێت.

ره‌نگه‌ ئاسانترین رێگه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌هه‌ر كه‌لتوور و سه‌رده‌مێك ئه‌وه‌یه‌ بزانیت خه‌ڵكه‌كه‌ چى ده‌په‌رستن؟ په‌رستراوه‌كان زۆر بوون له‌ مێژوودا؛ خۆر، ئه‌ستێره‌كان، زریان، چه‌ند خودایه‌ك، خودایه‌كى تاك و ته‌نیا یان هیچ ناپه‌رستن. له‌ سه‌ده‌كانى نۆزده‌هه‌م و بیسته‌هه‌مدا مرۆڤ نه‌ته‌وه‌یان ده‌په‌رست. ئه‌ى ئێمه‌ ئێستا چى ده‌په‌رستین؟

مێژوونووسانى ئاینده‌ كاتێك باسى ئێمه‌ ده‌كه‌ن ده‌ڵێن مرۆڤ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شتێكیان پاراستووه‌ پێى گوتراوه‌ خوود، من، ده‌روون. له‌ رواڵه‌تدا ئه‌مه‌ گۆڕانێكى گرنگ و چاك و مه‌زنه‌ نیشانه‌ى باڵاده‌ستبوونى هێزه‌ خودییه‌كانى مرۆڤه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ڕووى بایۆلۆجییه‌وه‌ گیاندارێكى كۆمه‌ڵایه‌تین. 

به‌شێكى زۆرى مێژووى گه‌شه‌كردنمان له‌ كۆمه‌ڵه‌ و گروپى بچوك بچوكدا به‌سه‌ربردووه‌. پێویستمان به‌ كارلێكى رووبه‌ڕووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. خوڵقاندنى مه‌سه‌له‌ رۆحییه‌ جوانه‌كانى وه‌ك هاوڕێیه‌تى و متمانه‌ و ئه‌مه‌ك و خۆشه‌ویستى به‌شێكن له‌و مه‌سه‌لانه‌ى كه‌ له‌ ته‌نیایى رزگارمان ده‌كات. رووكردنه‌ خودى خۆت و نه‌مانى كۆمه‌ڵ وامان لێده‌كات لاواز و ته‌نیا و ترساو بین.

جوانترین گوزارشت كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كرابێت گوزارشتێكه‌ ده‌ڵێت شوێنێكه‌ ئێمه‌ تیایدا له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ته‌نیاین. ئاسانترین رێگا بۆ رزگاركردنى (تۆ)ى ئاینده‌ بریتییه‌ له‌ به‌هێزكردنى (ئێمه‌) له‌ سێ ره‌هه‌نده‌وه‌: ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناسنامه‌ و ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى به‌رپرسیارێتى. ئه‌و مرۆڤانه‌ ده‌توانن وامان لێبكه‌ن گه‌شه‌بكه‌ین كه‌ له‌ ئێمه‌ جیاوازن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چوارده‌وره‌كه‌مان كه‌سانێك بن كتومت له‌ خۆمان بچن ئه‌وا زیاتر و زیاتر رووه‌و توندڕه‌وى ده‌ڕۆین. پێویسته‌ رووبه‌ڕوو كارلێكه‌كانمان تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ خۆمان ناچن. پێویسته‌ بزانین ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ وه‌كو ئێمه‌ نین دیسان هه‌ر وه‌كو ئێمه‌ مرۆڤن. به‌م رێگه‌یه‌ ده‌توانین بره‌و به‌ (ئێمه‌) بده‌ین له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كان.

بۆ تێگه‌یشتن له‌ (ئێمه‌) له‌سه‌ر ئاستى ناسنامه‌ با ته‌ماشاى كه‌لتوورى ئه‌مریكا بكه‌ین كه‌ جیاوازه‌ له‌ زوربه‌ى وڵاتانى دیكه‌. ئه‌مریكا له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ندین شه‌پۆلى یه‌ك له‌دوای یه‌كى كۆچبه‌ران بۆیه‌ ناچاربووه‌ ناسنامه‌یه‌ك بۆ خۆى دروستبكات. خوڵقاندنى ئه‌م ناسنامه‌یه‌ پێویستى به‌ دروستكردنى چیرۆك و گوتارى جیاواز بووه‌ كه‌ له‌ قوتابخانه‌دا فێرى ببێت و له‌ رێوڕه‌سمه‌كاندا بیخوێنێته‌وه‌ و له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كاندا هه‌ستیان پێبكات، به‌ڵام وڵاتێكى وه‌كو بریتانیا پێویستى به‌ ناسنامه‌ نه‌بووه‌ چونكه‌ وایزانیوه‌ ناسنامه‌ى هه‌یه‌. 

ئێستا كۆچكردن له‌ هه‌موو كاتێك زیاتره‌. تۆ ئه‌گه‌ر ناسنامه‌یه‌كى به‌هێزت هه‌بێت له‌ كۆچبه‌ر و غه‌ریبه‌ ناترسیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ى خۆت نه‌گێڕیته‌وه‌ ناسنامه‌كه‌ت لاواز ده‌بێت و هه‌ستده‌كه‌یت ئه‌و كۆچبه‌ره‌ غه‌ریبه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆت. كه‌واته‌ زۆر پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چیرۆكه‌كه‌ى خۆمان، ئێمه‌ كێین، له‌كوێوه‌ هاتووین، پرینسیپه‌كانمان چین، به‌وجۆره‌ ده‌توانین ببینه‌ مرۆڤى به‌هێز و تواناى پێشوازیكردنمان هه‌بێت له‌ كه‌سانى نامۆ.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌هه‌ندى سێهه‌م كه‌ بریتییه‌ له‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى به‌رپرسیارێتى ده‌توانین به‌وه‌ بیهێنینه‌دى كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان به‌رپرسیارێتیه‌كى به‌كۆمه‌ڵمان له‌سه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ى هه‌موومان. به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ین جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كى سیحراوییه‌ كه‌ ده‌ڵێت خه‌مى هیچت نه‌بێت ئه‌م سه‌ركرده‌ به‌هێزه‌ هه‌ڵبژێره‌ و ته‌واو. ئه‌مه‌ شوێنى سیاسه‌تى گرتووه‌ته‌وه‌. هه‌موو توندڕه‌وییه‌كان له‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ده‌بێت بزانین تاقه‌ كه‌سێك كه‌ بتوانێت ئێمه‌ له‌ خۆمان رزگار بكات خودى خۆمانین، هه‌موومانین.

نه‌ته‌وه‌ كاتێك به‌هێز ده‌بێت كه‌ گرنگى بدات به‌ لاواز، كاتێك ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت كه‌ بایه‌خ به‌ هه‌ژار بدات. بۆیه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌م بۆ گۆڕینى شێوازى ژیانمان ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ر شوێنێكدا وشه‌ى خودت بینى بیگۆڕه‌ به‌ وشه‌ى (ئه‌ویدیكه‌) له‌باتى رێز له‌خۆگرتن بیكه‌ به‌ (رێزگرتن له‌ به‌رامبه‌ر).

پ: شیروان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure