هۆکاری گرانبونی نرخی موەلیدە له‌م شاره‌ ئاشکرادەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2020‌ :: 1694‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

قایمقامی کەرکوک هۆکاری گرانبونی نرخی موەلیدەی ئاشکراکرد و وەزارەته‌كانی کارەبا و نەوت تۆمه‌تبارده‌كات.


فەلاح یایچەلی، قایمقامی کەرکوک بەوەکالەت (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: نرخی ئەمپێری موەلیدە لەرێگەی ئامێرێکی هەستیارەوە بۆ ژماردنی کاتژمێرەکانی کارپێکردنی موەلیدە دادەنرێت، کە لە سەرجەم موەلیدەکان دانراوە و بەر لە کۆتایی مانگ کۆدەکرێتەوە و بەپێی کاتژمێرەکانی کارپێکردنی پارەکە دادەنرێت.

قایمقامى كه‌ركوك هه‌ریه‌ك له‌ وەزارەته‌كانی کارەبا و نەوتی تۆمەتبارکرد کە بونەتە هۆکاری خراپبونی دابینکردنی کارەبای کەرکوک بەشێوەیەک 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبا دەدرێت و ئەرکە قورسەکەش کەوتوەتە سەرشانی موەلیدە ئەهلییه‌کان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: وەزارەتی نەوت لەرێگەی بەروبومە نەوتیەکانی کەرکوکەوە بڕی 10 لیتر گاز بۆ هەر کەیڤیەک بۆ موەلیدەکان بەنرخی 400 دینار دابیندەکات، کە تەنها بەشی هەفتەیەک کارپێکردنی موەلیدە دەکات و ناچاردەبن لیترێک گاز بە 700 دینار بکڕن.

فەلاح یایچەلی ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر وه‌زارەتی نەوت 30 لیتر گاز بۆ هەر کەیڤیەک دابینبکات دەتوانین نرخی ئەمپێر لە ئاستێکی قبوڵکراودا دابنێین.

ئاشکراشیکرد: هەوڵدەدەن ئەو بڕە پارەیەی کە 3 هەزار دینارە و وەکو هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت لەگەڵ پارەی موەلیدەدا هەڵوەشێننەوە بەوەش نرخی ئەمپێر کەمتر دەبێتەوە.

بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2019 لەلایەن قایمقامیەتی کەرکوکەوە نرخی 9 هەزار دینار دانراوە بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەی ئەهلی کە نیگەرانی هاووڵاتیانی لێکەوتوەتەوە.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure