هاووڵاتییه‌ك به‌ 11 گولـله‌ كوژرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2020‌ :: 2107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یەحیا

هاووڵاتییه‌ك له‌ قه‌زاى زاخۆ كوژرا و سه‌رچاوه‌یه‌كى پۆلیسیش ده‌ڵێت: به‌هۆى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بووه‌.


(ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى كانونى دووه‌مى 2020) له‌ گه‌ڕه‌كى (شەعبانیکێ)ى سه‌نته‌رى قه‌زاى زاخۆ ته‌قه‌ له‌ هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوى (غازی عاید محەمەد) ته‌مه‌ن 53 ساڵ كرا و راسته‌وخۆ له‌ شوێنى رووداوه‌كه‌دا گیانى له‌ده‌ستدا.

ئه‌میر عه‌لى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى زاخۆ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: قوربانیه‌كه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ و له‌ئێستاشدا له‌ به‌شى فریاكه‌وتنه‌. وتیشى: "11 فیشه‌كى پێوه‌یه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى پۆلیسى قه‌زاكه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: رووداوه‌كه‌ به‌هۆى كێشه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بووه‌ و تۆمه‌تباره‌كه‌شى هه‌ڵهاتووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتیشى: پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌ستپێكردووه‌.

دوێنێش گه‌نجێكى قه‌زاكه‌ ته‌قه‌ى له‌ دایك و برایه‌كى خۆى كرد و كوشتنى، به‌ر له‌وه‌ى له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ پۆلیس بكوژرێته‌وه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure