نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەمووان لە پەنابردنه‌به‌ر یاسا مافیان پارێزراو بێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2020‌ :: 494‌ جار بینراوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جه‌خده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنووسی و رایگەیاندووە: دەبێت هەمووان مافیان پارێزراو بێت لە پەنابردن بۆ یاسا، جا هاووڵاتی بێت یان رۆژنامەنوس.


ئەم وتانه‌ى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ په‌راوێزى وه‌رگرتنى راپۆرتى ره‌وشى رۆژنامه‌نوسى بوو كه‌ له‌لایه‌ن سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان له‌ دیدارێكدا له‌ هه‌ولێر پێشكه‌شیكرا.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بە دواڕۆژی راگەیاند: لەو دیدارەدا نوێترین راپۆرتی ساڵی رابردووی سەنتەرەكەیانی پێشكەشی سەرۆكی هەرێم كردووە بۆ ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون.

وتیشى: "سەرۆكی هەرێم داوای لێكردوون هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بەئامانجی باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی و سەروەربوونی یاسای تایبەت بە زانیاری و رۆژنامەگەری".

بەوتەی رەحمان غەریب: نێچیرڤان بارزانی پێی راگەیاندووە، ئەوان بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە كار دەكەن، چالاكن، راپۆرتەكانیان جێگە متمانەن و با هەمووان هەوڵی جدی بدەن تا ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی باشتر بكەن.

وتیشی :"داوامان لە سەرۆكی هەرێم كرد هاوكار بێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ باسی كوردستان لەناو راپۆرتە نێوخۆیی و رێكخراوە نێودەوڵتییەكان باشتربكرێن، لە بواری باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنوسی و بیروڕا، داخوازی رێكخراوەكانی ناوخۆ پشتگوێنەخرێن، باسمان لەوەشكرد كە پرەنسیپی رەخنە و چاودێریكردنی ئەدای دامەزراوە رەسمییەكان، حوكمڕانی بەهێز دەكەن، نەك پێچەوانەكەی".

رێكخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەكرد: "سەرۆكی هەرێم جەختیكردەوە كە رەخنە و چاودێریكردن وەك هەر مەسەلەیەكی تر دەبێت خزمەت بە حەقیقەت بكات نەك تەشهیر و چەواشەكاری، دەبێت هەمووان مافیان پارێزراو بێت لە پەنابردن بۆ یاسا، جا هاووڵاتی بێت یان رۆژنامەنوس، منیش پاڵپشتانم، بەڵام كاتێك رۆژنامەنوس سنوری رەوشتی پیشەكەی خۆی دەبەزێنێت، دەبێت هەمووان كۆك بین لەسەر ئەوەی یاسای رۆژنامەگەری ئەو كەیسە چارەسەربكات".

ئاشكرایكرد: داوایان لە سەرۆكی هەرێم كردووە بەئامادەبوونی خۆی، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان سازبكرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی باشتر سەبارەت بە پەیوەندی رۆژنامەنووسان و دامەزراوە فەرمییەكان بكرێت.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure