خامنه‌یى: ئه‌مریكا هه‌وڵى دابه‌شكردنى عێراق ده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 17/01/2020‌ :: 218‌ جار بینراوە
عه‌لى خامنه‌یى، رابه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران

دواڕۆژ

رابه‌ڕى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ به‌ "رووداوێكى ناخۆش" ناوده‌بات و ده‌شڵێت: ئه‌مریكا هه‌وڵى دابه‌شكردنى عێراق ده‌دات.


عه‌لى خامنه‌یى، رابه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى كانونى دووه‌مى 2020) له‌میانه‌ى وتارى نوێژى هه‌ینیدا رایگه‌یاند: هه‌ندێك هه‌وڵیدا رووداوى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ كه‌ "رووداوێكى ناخۆش" بوو به‌كاربهێنێت به‌جۆرێك جیهان ئه‌و قوربانییه‌ له‌بیربكات كه‌ قاسم سلێمانى پێشكه‌شى كرد، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى دواى ئاشكرابوونى هۆكارى رووداوه‌كه‌ له‌ ئێراندا روویاندا.

وتیشى: وڵاتانى ئه‌وروپا "متمانه‌یان پێناكرێت" پاش كرده‌كانى بریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى، كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ببێته‌ هۆى دووباره‌ سه‌پاندنى سزاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا.

خامنه‌یى له‌ یه‌كه‌م وتارى نوێژى هه‌ینیدا پاش نزیكه‌ى هه‌شت ساڵ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و زلله‌یه‌ى له‌ ئه‌مریكا درا له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه‌ لێدانێكى گه‌وره‌ بوو بۆ خۆبه‌گه‌وره‌ زانینى ئه‌مریكا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بۆردومانكردنى بنكه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ عێراق كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا.

هه‌روه‌ك واشنتنى تۆمه‌تباركرد به‌ هه‌وڵ بۆ دابه‌شكردنى عێراق و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى رۆیشتنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure