زانیارى نوێ... ده‌ستى وڵاتێك له‌ كوشتنى قاسم سلێمانى-دا ئاشكراده‌بێت

هەواڵ / جیهان :: 17/01/2020‌ :: 4567‌ جار بینراوە
قاسم سلێمانى

دواڕۆژ

رۆژنامه‌یه‌ك ئاشكرایده‌كات به‌رپرسێكى سورى زانیارى وردى داوه‌ته‌ ئه‌مریكا ده‌رباره‌ى جموجوڵه‌كانى قاسم سلێمانى، به‌ر له‌ كوشتنى له‌ناو خاكى عێراقدا.


رۆژنامه‌ى (ئیندپێندێتى عه‌ره‌بى) له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌واڵگرى رۆژئاواوه‌ بڵاویكرده‌وه‌: به‌رپرسێكى سورى زانیارى ورد و گرنگى داوه‌ته‌ لایه‌نى ئه‌مریكى ده‌رباره‌ى جموجوڵه‌كانى قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران.

به‌پێى سه‌رچاوه‌كه‌: "ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵا سورییه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى درێژ له‌ په‌یوه‌ندیدا بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كاندا، مه‌رجى ئه‌وه‌ى به‌ واشنتۆن داوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ ئامانجگرتنه‌كه‌ى له‌نێو خاكى سوریادا نه‌بێت".

رۆژنامه‌كه‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئه‌مریكیه‌كان توانیویانه‌ شوێن رێڕه‌وى ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ بكه‌ون كه‌ سلێمانى گواستوه‌ته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى دڵنیابونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ناویدایه‌، هه‌روه‌ك توانیویانه‌ دزه‌بكه‌نه‌ ناو مۆبایلى ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى، به‌مه‌ش گوێیان له‌و وتوێژانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ نێوان ئه‌و و سلێمانى و كه‌سانى تردا كراون.

ئاماژه‌شیداوه‌: له‌رێى په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان تێگه‌یشتوون كه‌ ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ ژماره‌یه‌ك هێرشى گه‌وره‌ له‌ سوریا و عێراق و لوبنان و شوێنى دیكه‌ دژ به‌ ئامانجه‌كانى ئه‌مریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا.

هه‌روه‌ك له‌وه‌ش دڵنیابوونه‌ته‌وه‌ كه‌ موهه‌ندیس له‌ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى سلێمانى-دا ده‌بێت.

به‌ره‌به‌یانى رۆژى هه‌ینى 3ى كانونى دووه‌م قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى پێشووى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ بۆردومانێكى هێزه‌كانى ئه‌مریكادا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا كوژران.

له‌و بۆردومانه‌دا جگه‌ له‌ سلێمانى و موهه‌ندیس ژماره‌یه‌ك پله‌دارى ئێرانى و به‌رپرس و چه‌كدارى ترى حه‌شدى شه‌عبیش كوژران.

پێشر تۆڕى (ئێن بى سى نیوز)ى ئه‌مریكى له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان و به‌رپرسانى ئه‌مریكاوه‌ رایگه‌یاند: هه‌واڵگرى ئیسرائیل به‌شدارى له‌ پڕۆسه‌كه‌دا كردووه‌ و زانیارى هه‌واڵگرى گرنگیان به‌ ئه‌مریكییه‌كان داوه‌.

ئاماژه‌شیدا: ئاژانسى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا (سى ئاى ئه‌ى) زانیارى له‌ دوو هه‌واڵده‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى دیمه‌شق-ى پایته‌ختى سوریاوه‌ پێگه‌یشتووه‌ ده‌رباره‌ى واده‌ى فڕینى فڕۆكه‌كه‌ى سلێمانى به‌ره‌و به‌غدا، هه‌واڵگرى ئیسرائیلیش هاوكاربووه‌ له‌ دوپاتكردنه‌وه‌ى ورده‌كارییه‌كه‌ى.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: "كاتێك فڕۆكه‌كه‌ى سه‌ر به‌ هێڵى (اجنحه‌ الشام) له‌ جۆرى ئێرباس A320 نیشتووه‌ته‌وه‌، كه‌سانى سه‌ر به‌ ئه‌مریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا زانیارییه‌كانیان دوپاتكردوه‌ته‌وه‌، و شوێنه‌كه‌یان به‌دیاریكراوى ئاشكراكردوه‌".

له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ش "سێ فڕۆكه‌ى ئه‌مریكى له‌ بوارى ئاسمانى عێراقدا كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵى هێزه‌كانى ئه‌مریكادایه‌، گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و شوێن سلێمانى كه‌وتوون كاتێك به‌ ئۆتۆمبێلێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ر له‌ به‌ئامانجگرتنى به‌ چوار مووشه‌كى هێلفایه‌ر".

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure