گه‌وره‌ به‌رپرسێكى داعش ده‌ستگیركرا

هەواڵ / عێراق :: 17/01/2020‌ :: 1106‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش عێراق

دواڕۆژ

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق موفتیه‌كى داعشیان له‌ به‌شى راستى موسڵ ده‌ستگیركرد، كه‌ به‌ چه‌ندین تاوان تۆمه‌تباره‌.


شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى رایانگه‌یاند: هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رۆژى پێنجشه‌ممه‌ (شفا نوعمه‌) ناسراو ئه‌بو عه‌بدولبارى، موفتى داعش له‌ ناوچه‌ى مه‌نسوڕى به‌شى راستى موسڵ ده‌ستگیركردووه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: ده‌ستگیركراوه‌كه‌ پێشتر پێشنوێژ و وتاربێژ بووه‌ له‌ زۆرێك له‌ مزگه‌وته‌كانى شاره‌كه‌ و ناسراو بووه‌ به‌ وتاره‌ تونده‌كانى دژ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى، ئه‌بو عه‌بدولبارى له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانى داعش بووه‌ و به‌رپرس بووه‌ له‌ ده‌ركردنى فه‌تواى تایبه‌ت به‌ له‌سێداره‌دانى ژماره‌یه‌ك له‌ زانایان و پیاوانى ئاینى، ئه‌وانه‌ى ئاماده‌نه‌بوون به‌یعه‌ت به‌ داعش بده‌ن.

هه‌روه‌ك به‌رپرس بووه‌ له‌ ده‌ركردنى فه‌تواى ته‌قاندنه‌وه‌ى مزگه‌وتى (نه‌بى یونس) كه‌ له‌ هاوینى 2014 له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ته‌قێندرایه‌وه‌.

چالاكوانانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وێنه‌یه‌كى ساتى ده‌ستگیركردنى موفتیه‌كى داعشیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تیایدا زۆر قه‌ڵه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌نێویاندا وێنه‌یه‌ك ساتى گواستنه‌وه‌ى له‌ بارهه‌ڵگرێكدا نیشانده‌دات و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ چوارده‌ورى گیراوه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure