دوایین زانیارى له‌باره‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق

هەواڵ / عێراق :: 17/01/2020‌ :: 1530‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

هه‌نگاوه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق روویان له‌ سستى كردووه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانیش له‌ئێستادا بۆ ئه‌و پۆسته‌ دوو كه‌س ناویان ده‌هێنرێت و چانسه‌كانیش زیاتر به‌ڕووى عادل عه‌بدولمه‌هدی-دان.


زیاتر له‌ مانگ و نیوێك به‌سه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا لایەنه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنى جێگره‌وه‌كه‌ى رێككنه‌كه‌وتوون و سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌ش كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراون، له‌لایه‌ن شه‌قام و خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

دوایین هه‌وڵه‌كان بۆ دیاریكردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ كۆتاییه‌كانى ساڵى رابوردوودا بوو له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى بینا كاتێك ئه‌سعه‌د عیدانى، پارێزگاى به‌سره‌ى كاندید كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌وه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ په‌رله‌مان ره‌تكرایه‌وه‌.

رووداوه‌كانى دواى ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به‌تایبه‌ت رووداوه‌كه‌ى (رۆژى هه‌ینى 3ى كانونى دووه‌مى 2020)ى نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا كه‌ تیایدا قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى تیا كوژرا، دۆسیه‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ بێچاره‌نوسى هێشتووه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى پێشوو و بێتوانایى لایه‌نه‌كان له‌ كاندید كه‌ ره‌زامه‌ندى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و شه‌قامى له‌سه‌ر بێت، ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ جارێكى تر عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ ئه‌و پۆسته‌ رابسپێردرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئاسان نییه‌.

ته‌ها حه‌مه‌دئه‌مین، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ئێستادا جارێكى تر چاوه‌كان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدین، بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و په‌سه‌نده‌ى وڵاتان هه‌یه‌.

كورد و سوونه‌كان به‌ڕه‌سمى ناڕه‌زایه‌تییان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و دیاریكردنه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌رنه‌بڕیووه‌، سه‌باره‌ت به‌ راى شیعه‌كانیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتى: "راى شیعه‌كان روون نییه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆى دۆخى شه‌قام تائێستا هه‌ڵوێستى روون و یه‌كگرتوویان ده‌رنه‌بڕیووه‌".

رونیشیكرده‌وه‌: سه‌ردانى هه‌ریه‌ك له‌ موقته‌دا سه‌در و هادى عامرى بۆ ئێران و مانه‌وه‌یان له‌وێ، هۆكاره‌ بۆ دواكه‌وتنى راى لایه‌نه‌ شیعه‌كان و بڕیارى كۆتاییان له‌باره‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران.

جگه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، به‌مدواییه‌ شه‌ریف عه‌لى بن حوسێن، دوایین جێماوه‌ى خێزانى شاهانه‌ى عێراق ئاماده‌یى خۆی نیشاندا بۆ كاندیدبوون بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتى: "خۆكاندیدكردنه‌كه‌ى له‌رێى تۆمارێكى ڤیدیۆییه‌وه‌ بووه‌ و به‌وه‌ش ناوى هاتووه‌ته‌ ناو ناوان، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ به‌ ره‌سمى تاوتوێنه‌كراوه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مدواییه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، بۆ هه‌ولێر و سلێمانى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى بووه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ى، ته‌ها حه‌مه‌دئه‌مین رایگه‌یاند: له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا دۆسیه‌ى بودجه‌ و چه‌ند پرسێكى تر تاوتوێكراوه‌، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ له‌ لایه‌نى سیاسى و ویستێكى له‌و جۆره‌وه‌ دوور نیه‌.

ئه‌وه‌شى وت: "جه‌ختكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا به‌ سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى، بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ساڵى رابوردوو له‌گه‌ڵ كۆمارى چین، هه‌مان ویستى لێده‌خوێندرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانى ئه‌و هه‌موو گرێبه‌سته‌ له‌گه‌ڵ چین و راده‌ستكردنى نه‌وت پێى، له‌به‌رچاوى ئه‌مریكادا ئاسان نییه‌، له‌كاتێكدا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان چاوى له‌ هه‌موو ئه‌و یارمه‌تى و قوربانییه‌ كه‌ پێشكه‌شى عێراقى كردووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ئیداره‌كه‌ى ترامپ، كه‌ زیاتر به‌ ئیداره‌یه‌كى ئابورى ده‌ناسرێت".

(رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 1ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى په‌سه‌ندكرد.

(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ش 26ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌سعه‌د عیدانى، پاڵێوراوى هاوپه‌یمانى بینا بۆ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران رابسپێرێت.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure