پۆمپیۆ له‌باره‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى سیستانى ده‌دوێت

هەواڵ / عێراق :: 17/01/2020‌ :: 473‌ جار بینراوە
عه‌لى سیستانى، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان له‌ عێراق

دواڕۆژ

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا تویتێك ده‌رباره‌ى ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ده‌كات كه‌ دوێنێ بۆ عه‌لى سیستانى، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كان له‌ عێراق ئه‌نجامدرا.


مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ تویته‌كه‌یدا خۆشحاڵى خۆى بۆ سه‌ركه‌وتنى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى سیستانى ده‌ربڕیوه‌ و نزاى باشبوونه‌وه‌ و ته‌مه‌ن درێژى بۆ ده‌كات.

پۆمپیۆ تویته‌كه‌ى به‌ هه‌ر سێ زمانى ئینگلیزى و عه‌ره‌بى و فارسى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.

له‌كاتێكى پێشتریشدا باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: هه‌واڵى سه‌ركه‌وتنى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى سیستانى "به‌خۆشحاڵییه‌كى زۆره‌" پێگه‌یشتووه‌.

ئه‌وه‌شى وتووه‌: سیستانى رۆڵى هه‌یه‌ له‌ "هێنانه‌كایه‌ى سه‌قامگیرى به‌رده‌وام". 

رۆژى چوارشه‌ممه‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عى شیعه‌كان تووشى شكانى ئێسكى ران بووه‌وه‌، پاش وه‌رگه‌ڕانى قاچى، به‌ر له‌وه‌ى له‌لایه‌ن پزیشكانى عێراقییه‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌نجامبدرێت.

دوێنێش محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى عه‌لی سیستانی كرد و نوسیویه‌تى: "خۆشحاڵییه‌ بۆ هه‌مووان له‌ عێراق و ئێران كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌".

ئه‌و نامه‌یه‌ى زه‌ریف به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ تویته‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌: " هیوادارین ئایه‌توڵا عه‌لى سیستانی زوو چاك ببێته‌وه‌".

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure