ئه‌مریكا دان به‌ قوربانیانى بۆردومانه‌كه‌ى ئێراندا ده‌نێت

هەواڵ / عێراق :: 17/01/2020‌ :: 2662‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سوپاى ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى بۆردومانه‌كه‌ى ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار 11 سه‌رباز برینداربوون.


ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان دان به‌ زیانه‌ گیانییه‌كانى بۆردومانه‌كه‌دا ده‌نێت.

كاپتن بیل ئه‌وربان، وته‌بێژ به‌ناوى فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندى ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: له‌كاتێكدا هیچ سه‌ربازێكى ئه‌مریكى له‌ ئاكامى بۆردومانه‌كه‌ى 8ى ئه‌م مانگه‌ى ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌د نه‌كوژرا، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك سه‌رباز به‌هۆى هه‌ژانى مێشك له‌ ئاكامى بۆردومانه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراون و تائێستاش ره‌وشى ته‌ندروستیان له‌ژێر چاودێریدایه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ى توشى ئه‌و دۆخه‌ بوون 11 سه‌ربازن.

له‌ 3ى كانونى دووه‌م قاسم سلێمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ له‌ به‌غدا كوژرا.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌شدا له‌ 8ى ئه‌م مانگه‌ سوپاى پاسداران سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار و بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكاى له‌ هه‌ولێر موشه‌ك بارانكرد.

زیانه‌ ماددیه‌كانى بنكه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌د پێشتر بڵاوكرانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ى هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌، بۆردومانه‌كه‌ى هه‌ولێریش به‌بێ زیانى ماددى و گیانى كۆتایى هات.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure