چاره‌نووسی كۆچبه‌رانی كوردی رووداوه‌كه‌ی یۆنان ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2020‌ :: 1474‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌به‌شێك له‌ كاروباره‌ فه‌رمییه‌كان هێنرا بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ی له‌ڕووداوی ژێرئاوكه‌وتنى به‌له‌مه‌كه‌ى نزیك دورگه‌ی پاكسۆسی یۆنان بوون، ژماره‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ی له‌ ده‌زگاكه‌یان تۆماركراون 21 كه‌یسه‌.

ئاری جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ئه‌مڕۆ 16ی كانونی دووه‌می 2020 به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ نوێنه‌ریان له‌وڵاتی یۆنان، له‌پاش به‌دواداچوونێكی چه‌ند ڕۆژی به‌هاوكاریی پۆلیسی كه‌ناراوه‌كان و پزیشكی داد و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌یۆنان، كۆتایی به‌به‌شێك له‌ كاروباره‌ فه‌رمییه‌كان هێنا بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ رووداوی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێك له‌ نزیك دورگه‌ی پاكسۆسدا بوون، ژماره‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ له‌ ده‌زگای لوتكه‌ تۆماركراون بریتییه‌ له‌ 21 كه‌یس.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌: نوێنه‌ریان له‌وڵاتی یۆنان، ده‌زگاكه‌یانی ئاگاداركرده‌وه‌ له‌چاره‌نووسی كۆچبه‌ره‌ كورده‌كان و به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ش له‌و 21  كۆچبه‌ره‌ سیانیان رزگاریان بووه‌ كه‌ له‌ ئێستادا یه‌ك كۆچبه‌ریان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی نوێنه‌ری ده‌زگاكه‌یان ئازاد كراون و یه‌كێكی دیكه‌شیان پاش ته‌واو بوونی مامه‌ڵه‌كانی، له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا ئازاد ده‌كرێت.

ئاری جه‌لال وتیشی :"ته‌رمی پێنج كۆچبه‌رى دیكه‌ش دۆزراوه‌ته‌وه‌ و 13 كه‌سیش تائێستا بێ سه‌روشوێنن، ده‌زگاكه‌یان كه‌یسی تایبه‌ت ده‌كاته‌وه‌ بۆ بێسه‌روشوێنبووه‌كان و له‌ گه‌ڕان و به‌دواداچوون بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نووسیان به‌رده‌وام ده‌بێت، ته‌رمی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ش ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ كوردستان".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure