ئایاکوشتنی قاسم سوله‌یمانى هیچ سوودێكى بۆ ئێران هه‌یه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/01/2020‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پاش تێپه‌ڕبوونى دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر تیرۆركردنى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس له‌ سوپاى پاسدارانى ئێران ده‌توانرێت بگوترێت كه‌ تاران خه‌ریكه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌ له‌م رووداوه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ى كه‌ تیرۆركردنى عه‌قڵه‌ ستراتیجى و ده‌ره‌كییه‌كه‌ى ئێران بووه‌ ده‌ستكه‌وتێك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى واشینتۆن له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو و ئیسرائیلیان پێ بخرێته‌ مه‌ترسى و ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌وه‌.


ئه‌گه‌ر رووداوى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ ئێران به‌ هه‌ڵه‌ خستیه‌خواره‌وه‌ و دره‌نگ به‌رپرسیارێتى خۆى لێ راگه‌یاند دوور نه‌بوو كۆمارى ئیسلامى ئێران سوودى گه‌وره‌ترى له‌ تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانى وه‌ربگرتایه‌. به‌هه‌رحاڵ چاودێره‌ سیاسییه‌كان ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ ئێران هه‌ر ته‌نیا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بووه‌ له‌ له‌ده‌ستدانى فه‌رمانده‌یه‌كى گه‌وره‌ و كاریگه‌رى وه‌ك قاسم سوله‌یمانى به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك سوودى پێگه‌یشتووه‌، له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: ئیتر ئێران هێڵى سوور پێشێل ده‌كات
ئێران له‌ ئاكامى ئه‌و رووداوه‌دا بووه‌ خاوه‌نى پێگه‌ى مه‌عنه‌وى و سیمبولى زۆر كه‌ توانى ئه‌و تابۆ سه‌ربازییه‌ بشكێنێت كه‌ بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك قه‌ده‌غه‌یه‌ ئه‌ویش موشه‌كبارانكردنى دوو بنكه‌ى سه‌ربازى ئه‌مریكییه‌. ئه‌مه‌ له‌دواى جه‌نگى جیهانى دووهه‌مه‌وه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێك نه‌یتوانیوه‌ هێرشى سه‌ربازى بكاته‌ سه‌ر بنكه‌ ئه‌مریكییه‌كان. ئه‌مه‌ دیمه‌نێكى واى له‌ جیهاندا دروست كرد كه‌ شاره‌زایى و بلیمه‌تى ئێران به‌رجه‌سته‌ بكات وه‌ك هێزێكى تۆڵه‌ئه‌ستێنى وا كه‌ نه‌ترسێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌.
دووهه‌م: رێككه‌وتنێكى ئه‌تۆمى تازه‌ له‌ ئاسۆدا سه‌ره‌تاتكێ ده‌كات
پاش ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ 18ى مایسى ساڵى 2018دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ كشایه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك رووداوى تر له‌ چوارچێوه‌ى زنجیره‌یه‌ك سزا و ئابڵوقه‌ى ئابووریدا گوشارى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئێران دروستكرد له‌ بواره‌كانى دیپلۆماسى و ئابووریى و سیاسیدا. تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانى ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌ى بۆ تاران ره‌خساند كه‌ هیچ پابه‌ندبوونێكى به‌و رێككه‌وتننامه‌ گرنگه‌وه‌ نه‌مێنێت و رایگه‌یاند وه‌ك جارى جاران ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ پیتاندنى یۆرانیۆم. ره‌وتى رووداوه‌كان وانیشان ده‌ده‌ن قۆناغێكى نوێ له‌ وتووێژ و مانۆڕى دیبلۆماسى ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ سوودى ئێران ده‌بێت.
سێهه‌م: هه‌ژموونى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌بێت و ئه‌مریكا بچووكتر ده‌بێته‌وه‌
دواى تیرۆركردنى سوله‌یمانى تاران به‌ ئاشكراو به‌ ئاماژه‌ هه‌ڵمه‌تێكى ترساندنێكى گه‌وره‌ى ده‌ستپێكردووه‌ دژى هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر به‌په‌له‌ سه‌ردانى تارانى كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ى گه‌وره‌ترین بنكه‌ى ئه‌مریكى ناوچه‌كه‌ى تێدایه‌. لێپرسراوانى حوكمى و سه‌ربازى ئێران به‌ ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئیمارات و وڵاتانى دیكه‌ى ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت ئیسرائیلیش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌و شوێنانه‌وه‌ هێرشى سه‌ربازى بكرێته‌ سه‌ر ئێران. هه‌ڕه‌شه‌كه‌ هێنده‌ به‌هێزه‌ كه‌ كاربه‌ده‌ستێكى گه‌وره‌ى ئیمارات ئێرانى شوبهاندووه‌ به‌ شێرێكى بریندار و ده‌ڵێت كارێكى ژیرانه‌ نییه‌ ئه‌و شێره‌ برینداره‌ تووڕه‌تر بكرێت. ئیسرائیلیش ده‌ستبه‌جێ رایگه‌یاند كه‌ تیرۆركردنى سوله‌یمانى هیچ ده‌ستێكى ئیسرائیلى تێدا نییه‌. سعودیه‌ش له‌ هه‌مووان زیاتر هه‌ست به‌ مه‌ترسى ئێران ده‌كات به‌تایبه‌ت كه‌ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن ته‌واو له‌ژێر فه‌رمانى ئێراندان، بۆیه‌ چه‌ندین جار ریاز دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ ئاگادارییه‌كى له‌ رووداوى تیرۆركردنه‌كه‌ نه‌بووه‌ و راوێژى پێنه‌كراوه‌. په‌ڕله‌مانى عێراق ده‌نگى دا به‌ كۆتاییهێنان به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراقدا. حه‌شدى شه‌عبى و حیزبوڵڵاى لوبنان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى تیرۆركردنى قاسم سوله‌یمانییه‌وه‌ ستراتیجێكى نوێ دژى ئه‌مریكا و هه‌ژموونى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گرنه‌ به‌ر. هه‌روه‌ها تیرۆركردنى سوله‌یمانى به‌ره‌ى ناوخۆ له‌ ئێراندا به‌هێزتر ده‌كات و یارمه‌تییه‌كى باشیشى ده‌دات له‌ عێراق و لوبناندا كۆتایى بهێنرێت به‌ ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان. هه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ بوو واى له‌ سه‌رۆكى روسیا كرد به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى له‌دایكبوونى به‌پێى كه‌نیسه‌ى ئه‌رسۆدۆكسى سه‌ردانى دیمه‌شق بكات و ئاهه‌نگى ئه‌و بۆنه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ سوریادا بگێڕێت.
چواره‌م: تیرۆركردنى سوله‌یمانى خوێنى تازه‌ ده‌به‌خشێت به‌ حكومه‌تى تاران
هه‌رچه‌نده‌ ئێران به‌ له‌ده‌ستدانى قاسم سوله‌یمانى ئه‌قڵێكى ستراتیجى گه‌وره‌ى له‌ده‌ستدا كه‌ توانیبووى به‌ درێژایى ساڵانى رابوردوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئێران بپارێزێت به‌ڵام ئاماژه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن قۆناغێكى نوێ چاوه‌ڕێى ناوچه‌كه‌ ده‌كات كه‌ ئێران تیایدا ده‌ستوپێبه‌سته‌ نابێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure