پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌ زیندان گیانی له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2020‌ :: 2999‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابى
پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌ سنوری قه‌زای شه‌قڵاوه‌ دوای دوو ڕۆژ له‌ ده‌سگیركردنی له‌ زیندانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی "گوماناوی" گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: داوای یاسای تۆمار ده‌كه‌ین. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی به‌ناوی مه‌جید ئبراهیم عه‌بدوڵا دوو شه‌و پێش ئێستا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ گوندی سیساوه‌ی ناحیه‌ی باسرمه‌ی قه‌زای شه‌قڵاوه‌ ده‌سگیركراوه‌، دوای دووشه‌و مانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ زیندان گیانی له‌ده‌ستداوه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌و ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بچن ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ربگرنه‌وه‌و ئه‌وه‌شیان پێ وتراوه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌یان خۆی كوشتوه‌. 
حاجی مه‌سیفی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كێتی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ داوای یاسایی تۆمار ده‌كه‌ین و ئه‌و ڕاپۆرته‌ی له‌ پزیشكی دادی هه‌ولێریش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت خۆی كوشتوه‌.

هاوكات جه‌مال هه‌روتی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند:كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ رووداوه‌كه‌ به‌گومانن و باوه‌ڕناكه‌ن كه‌ خۆی خنكاندبێت، بۆیه‌ ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه‌ پزیشكی دادی سلێمانی. 

له‌باره‌ی هۆكاری ده‌سگیركردنه‌كه‌شی وتی:" گوایه‌ هه‌ندێك چه‌ك له‌ماڵه‌كه‌یدا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌". 

بۆمه‌به‌ستی به‌دواداچوون و وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر دواڕۆژ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسی یه‌كه‌ی ئیداری ناحیه‌ی باسرمه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌و تائێستاش هێزه‌ئه‌منیه‌كان هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ نه‌داوه‌. 

مه‌جید برایم پێشمه‌رگه‌ی لیوای حه‌وتی پیاده‌ی سۆرانه‌ كه‌ لیوایه‌كی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتیه‌و باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ قه‌زای سۆرانه‌.
 
  پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure