مه‌سرور بارزانی سه‌باره‌ت به‌ یاساى چاكسازى په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2020‌ :: 6528‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
 ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ى كانونى دووه‌مى 2020 مه‌سرور بازرانی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى سه‌باره‌ت به‌ په‌سه‌ندكردنى یاساى چاكسازى له‌لایه‌ن په‌رلەمانه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ رایگه‌یاند:" هاووڵاتییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌قی كۆتایی یاساكه‌ دڵنیایی گرنگی تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ وئیمتیازاته‌كانی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆران".

ده‌قى په‌یامه‌كه‌:
په‌یامێك  له‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ :
په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی هه‌نگاوێكی مێژووییه‌ به‌ره‌و كوردستانێكی به‌هێزتر 

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی، ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ له‌ پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو. 
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ئه‌م یاسایه‌ به‌ ” هه‌نگاونانێكی مێژوویی به‌ره‌و كوردستانێكی به‌هێزتر “ ناوده‌بات .

 ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌: 

ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌م بۆ په‌سه‌ند كردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی . ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی مێژووییه‌ به‌ره‌و كوردستانێكی به‌هێزتر . ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌شێكی گرنگی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواست وداوای هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی. ئامانجیش رێكخستنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌رییه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان .
دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌مووزی ساڵی رابردوو ، ئێمه‌ ده‌ستبه‌جێ لیژنه‌یه‌كی باڵامان له‌ حكومه‌ت پێكهێنا بۆ پێداچوونه‌وه‌ و به‌هێزكردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی.  
هاوولاتییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌قی كۆتایی یاساكه‌ دڵنیایی گرنگی تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ وئیمتیازاته‌كانی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆران به‌ جۆرێك كه‌ كه‌سانی شایسته‌ مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بێت .
چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و گشت كه‌رته‌كان ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م یاسایه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی روونی دیكه‌یه‌ له‌ سه‌ر پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سنووردانان بۆ گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵدان بۆ بنبڕكردنی . هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی گرنگیشه‌ به‌ره‌و حكومه‌تێكی مۆدێرن و شه‌فاف و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بێ جیاوازی كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م حكومه‌ته‌یه‌. 

مه‌سرور بارزانی 
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
2020/1/16



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure