ترامپ له‌ شه‌و و رۆژێكدا چى ده‌كات؟

هەواڵ / جیهان :: 16/01/2020‌ :: 655‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دۆناڵد ترامپى سه‌رۆكى ئه‌مریكا، هه‌موو به‌یانییه‌ك كاتژمێر 5.30 خوله‌ك له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت. هه‌ندێك جار له‌ كاتژمێر 6ه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌كانى خۆیى و سه‌ركرده‌كانى جیهاندا. ده‌وترێت، شه‌وانه‌ ته‌نیا 3 - 4 كاتژمێر ده‌خه‌وێت و خۆى ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ نهێنى سه‌ركه‌وتنمه‌".

قسه‌یه‌كى هه‌یه‌ هه‌میشه‌ ده‌یڵێته‌وه‌: كه‌سێك له‌ شه‌و و رۆژێكدا 12 - 14 كاتژمێر بخه‌وێت، چۆن ده‌توانێت پێشبڕكێ بكات له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كه‌ ته‌نیا 3 - 4 كاتژمێر ده‌خه‌وێت.

دۆناڵد ترامپ، به‌یانیان به‌رچایى ناخوات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیخوات حه‌زى له‌ هێلكه‌ و سۆسجى گوێره‌كه‌یه‌، ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا وتویه‌تى: نانى نیوه‌ڕۆ ده‌خۆم، به‌ڵام ژه‌مه‌ گه‌وره‌ و سه‌ره‌كییه‌كه‌م، خواردنى ئێواره‌یه‌. 

دۆناڵد ترامپ رۆژانه‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌ تویتكردنى به‌یانیانه‌وه‌ به‌سه‌رده‌بات. ده‌وروبه‌رى كاتژمێر 11ى به‌یانیش گوێ له‌ هه‌واڵه‌كانى فۆكس نیوز ده‌گرێت. هه‌موو رۆژێك كورته‌ى هه‌واڵه‌كانى ئاژانسه‌ جیهانییه‌كانى پێده‌گات كه‌ تیمێكى تایبه‌ت بۆى ئاماده‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م تیمه‌ له‌ كاتژمێر 6ى به‌یانییه‌وه‌ چاودێرى كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كان و رۆژنامه‌كان و ئینته‌رنێت ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندى كۆمارییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر نیو كاتژمێر جارێك راپۆرتى خۆیان ره‌وانه‌ى كۆشكى سپى ده‌كه‌ن.

پاش خوێندنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كانى رۆژ، شوێنه‌كه‌ى خۆى له‌ كۆشكى سپى به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕواته‌ به‌شى خۆرئاواى كۆشكى سپى. ترامپ به‌شێكى زۆرى رۆتینه‌كانى كۆشكى سپى شكاندووه‌ و لێدوانه‌ خۆڕسكه‌كانى پێ باشتره‌ كه‌ قسه‌ ده‌كات پێویسته‌ هه‌موو كه‌س گوێى لێ بگرێت. به‌رنامه‌ى رۆژانه‌ى نه‌گۆڕى نییه‌، به‌ڵام هه‌موو رۆژێك زیاتر له‌ دوو كاتژمێر ته‌رخان ده‌كات بۆ كاروباره‌ ئیدارییه‌كان.

زۆربه‌ى ژه‌مه‌كانى نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سته‌ گه‌وره‌كاندایه‌، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ هه‌موو رۆژێك وابێت. به‌ پێچه‌وانه‌ى ئۆباماوه‌ ترامپ زۆر به‌ده‌گمه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ى كۆشكى سپى، خواردنى ئێواره‌ ده‌خوات یان ده‌چێته‌ هۆتێله‌كه‌ى خۆى. نانى ئێواره‌ى ترامپ بریتییه‌ له‌ ستیك و ساردى دایه‌ت. له‌ شیرینییه‌كانیشدا حه‌زى له‌ كێكى سێوه‌ له‌گه‌ڵ دوو تۆپ دۆندرمه‌. له‌ پشووه‌كاندا زیاتر له‌ 30 كیلۆمه‌تر دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ یاریگا تایبه‌تییه‌كه‌ى خۆى، یاریگاى گۆڵف له‌ ڤێرجینیا.

ئه‌و له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ تاكو ئێستا نزیكه‌ى دووسه‌د جار چووەته‌ ئه‌و یاریگایه‌. نرخى بلیتێك بۆ ئه‌ندامانى یانه‌كه‌ 650 دۆلاره‌، بۆ میوانان 1000 دۆلار دیاریكراوه‌.

ئیشوكارى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌وروبه‌رى 6.30 خوله‌كى ئێواره‌ كۆتایى دێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌تا كاتى نووستن به‌دواداچوون ده‌كات بۆ هه‌ندێك كاروبارى حكومه‌ت و بابه‌تى گرنگ.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure