وەزارەتی پەروەردەی عێراق بیمەی تەندروستی بۆ مامۆستایان راگەیاند

هەواڵ / عێراق :: 16/01/2020‌ :: 206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بەپێی گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی پەروەردەی عێراق و کۆمپانیایەک، بیمەی تەندروستی بۆ سەرجەم مامۆستایان بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکی مانگانە دابین دەکرێت.

سوها خەلیل، وەزیری پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم پەروەردەی پارێزگاکان کردوە، لەنێویاندا پەروەردەی کەرکوک، ئاماژەی بەگرێبەستێک کردووە لەنێوان پەروەردە و کۆمپانیای بیمەی عێراقی لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە.

بەپێی نووسراوەکە: بۆ بەشداری لە بیمەی بەکۆمەڵ کە چەند سودێکی دەبێت، مانگانە بڕی 5 هەزار و 500 دینار لەمامۆستایان وەردەگیرێت کە سندوقی پەروەردە بڕی 2 هەزاری دەخاتە ئەستۆی خۆی، بەوەش هەر مامامۆستایەک مانگانە بڕی 3.500 دینار لەمووچەکەی دەبڕدرێت.

وەزیری پەروەردە روونیکردووەتەوە: کە بەرامبەر بەو پارەیە، سەلامەتی ژیانی فەرمانبەر و خێزانەکەی دەکەوێتە سەر ئەستۆی کۆمپانیاکە، هەروەها تێچووی نەشتەرگەری و نەخۆشخانە و کلینکی پزیشکی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات دابین دەکرێت.

هەر بەپێی ئەو گرێبەستە، پشکنینی ساڵانەی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ مامۆستایان دەکرێت، لەکاتی روودانی ئاگرکەوتنەوە و دزیکردندا، قەرەبووی کەلوپەلە تایبەتەکانی مامۆستا دەکرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure