دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لایەنەکان چی-یان وت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/01/2020‌ :: 182‌ جار بینراوە

دوارۆژ، بڕیار  محەمەد

لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و دوای دانیشتنەكەش  پەسەندكردنی یاسای چاكسازی لە پەرلەمان سەرجەم فراكسیۆنەكان بۆچوونی جیاوازییان لەسەر یاساكە دەربڕی.


فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەڕێگەی سەرۆكی فراكسیۆنەكە، شێركۆ جەودەت باسی لەوەكرد: كە ئەو یاسایە ناتوانێت چاكسازی بكات، چونكە دەستی نەبردووە بۆ مووچە و خانەنشینی پلە باڵاكان و مافی فەرمانبەرانی كوردستانیشی نەگێڕاوەتەوە.

هەروەها باسی لەوەشكرد: كە ئەو یاسایە حكومەت چۆنی ویستووە وەها دەرچوێندراوە نەك ئەوەی كە پەرلەمان حكومەت ناچار بكات.

لەلای خۆشیەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان باسی لەوەكرد: كە لەم دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستاندا پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆ كراوە و هیچ بڕگە و مادەیەك بەبێ پرسی حكومەت زیاد نەكراوە، بۆیە ئەم یاسایە نابێتە هۆی ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دوای مادەی 9ی یاساكەوە لە هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان هاتنە دەرەوە.

كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەوی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "ئەو یاسایەی كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە نابێتە هۆی چاكسازی و مووچە و ئیمتیازاتی پلە باڵاكان وەك خۆی دەهێڵێتەوە، ئەگەر پێشتر بە نایاسایی كراوە ئێستا بە یاساش رێكخراوە و دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەو گەندەڵییانە بەردەوام بن".

هەروەها تەئیكیدیشی كردەوە: كە فراكسیۆنەكەیان ئامادەیە فۆرمی خانەنشین نەبوون پڕ بكاتەوە.

دوای ئەوان هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی كوردستان كە دەنگیان بە پرۆژەیاساكە داوە كۆنگرەی رۆژنامەوانییان كرد.

فراكسیۆنی یەكێتی پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان كرد و وەك دەستكەوتی سەركەوتن بۆ پرۆسەی چاكسازی وەسفی كرد.

هەروەها فراكسیۆنی گۆڕانیش لەلایەن خۆیانەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد: كە بەهۆی ئەم یاسایەوە جگە لەوەی كە ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەران و كەسوکاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی پارێزراو دەبێت لە بەرامبەریشدا پارەیەكی زۆر بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە و دەستی حكومەت دەكاتەوە بۆ كاركردن لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی و پاككردنەوەی لیستەكانی مووچەی شەهیدان و پێشمەرگە و رێكخستنی یەكەی پاسەوانی و بابەتەكانی دیكەی پەیوەند بە لیستی مووچە و پێدراوەكان.

لەلایەن خۆشیەوە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش سەرباری ئاماژە كردن بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە و گرنگی یاساكە كە وەك دەستكەوت بۆ خەڵكی كوردستانی لە قەڵەمدا. باسیان لەوەكرد: "كە لە پەرلەماندا هەندێك فراكسیۆن دەیانویست رێگری لە یاساكە بكەن و هەوڵبدەن بچوكی بكەنەوە، بەڵام پیلانەكانیان سەری نەگرت و ئەوەی ویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو ئەوە سەركەوت". 

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure