زانیاری نوێ دەربارەی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران

هەواڵ / ئابوری :: 16/01/2020‌ :: 622‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، فەرمان ڕەشاد

بەگوێرەی یاسای چاکسازی کە ئەمڕۆ 16ی کانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، پێویستە حکومەتی هەرێم   سندوقی خانەنشینی کارا بکات و پەیڕەوێکی بۆ دەربکات.

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: "لەگەڵ بەرکاربوونی یاسای چاکسازی پێویستە راستەوخۆ ئەنجومەنی وەزیران بە پەیڕەوێک سندوقەکە و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بۆ پێک بهێنێت".

وتیشی: "بێگومان وردەکاری ئەم سندوقە لە یاسای خانەنشینی ساڵی 2006 هاتووە، سەرەتا دەبێت وەزارەتی دارایی تەرخانکراویی مووچەی خانەنشینی خۆی بخاتە سندوقەکەوە دواتریش بەشی ژمێریاریی گشت دامەزراوەکان ئاگادار بکرێت کە (توقیفات تقاعد)یەکە بنێرن بۆ حسابی بانکی تایبەت بە سندوقەکە".

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەوەی سندوقەکە کەی دەتوانێ بێ پشتبەستن بە حکومەت مووچەی خانەنشینی بدات، رایگەیاند: "سەرەتا دەبێ حکومەت پشتیوانی دارایی سندوقەکە بکات. لە عێراق لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە سندوق هەبووە، ئێستا نەک توانای پێدانی مووچەی خانەنشینی هەیە بەڵکو پارەکەیان خستووەتە وەبەرهێنانەوە و تەنانەت قەرزیان لێداوە بە حکومەت بە سوودی بانکیی، لە مەودایەکی درێژدا ئەگەر سندوقەکەی خانەنشینی هەرێمیش دەست بەکار بێت بەهەمان شێوەی بەغدا دەبێت".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure