شارەوانی هەولێر: ساڵی پار بەبەهای ملیاران دینار پرۆژەمان ئەنجامداوە

هەواڵ / ئابوری :: 16/01/2020‌ :: 180‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر رایدەگەیەنێت: لەساڵی رابوردوودا 170 پرۆژەیان بەگوژمەی زیاتر لە 5 ملیار و 427 ملیۆن دینار ئەنجامداوە کە بەشێکیان لەسەر رێژەی 17%ی داهاتی شارەوانییەکان بووە.


نەبەز محێدین، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی کانونی دووەمی 2020 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:  لەساڵی 2019دا توانیویانە 170 پرۆژە بەگوژمەی زیاتر لە 5 ملیار و 427 ملیۆن دینار ئەنجام بدەن کە 40 لەو پرۆژانە لەسەر رێژەی 17%ی داهاتی شارەوانییەکان بووە.

وتیشی: "لەڕووی خزمەتگوزاری ژینگەیی توانیویانە زیاتر لە 337 تۆن زبڵ بەگوژمەی 23 ملیار و 262 ملیۆن دینار فڕێ بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: بڕی 11 ملیار و 616 ملیۆن  دینار داهاتی شارەوانییەکان بووە و خەرجییەکانیان زیاتر لە 47 ملیار و 772 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.

ئەوەشی خستەڕوو: مۆڵەتیان بە 118 پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی داوە و  هەزار و 360  شوێنی دوکان و بازاڕی هاوچەرخیان بەکرێ داوە هاوکات لەگەڵ مۆڵەتی رێگەپێدان بەدروستکردنی هەزار و 75  خانوو.

بەوتەی بەڕێوەبەری  شارەوانییەکانی هەولێر:  لەساڵی رابوردوودا زیاتر لە 540 کاری نەهێشتنی زیادەڕەوییان ئەنجامداوە و 75 شەقامی گرنگیان چاککردووەتەوە کە بڕی 368 تۆن قیریان تیادا بەکارهێناوە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure