راوكردن و سه‌رپێچى ژینگه‌یی لە گەرمیان زیادی کردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2020‌ :: 165‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ سنوورى گه‌رمیان رێژه‌ى راوكردن و بڕینه‌وه‌ى دار و زیان گه‌یاندن به‌ ژینگه‌ زیاتر بووه‌ و زیاتر له‌ 100 پارچه‌ چه‌كیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و 301 كه‌سیش سزادراون. 

سه‌ركه‌وت ره‌حیم به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ماوه‌ى ساڵى 2019دا له‌ سنوورى گه‌رمیان 301 راوچی و سه‌رپێچیكار له‌كاتی راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی و بڕینه‌وه‌ی دار و راوه‌ ماسیدا ده‌ستگیر كراون. 

وتیشى: "هه‌ر له‌و ساڵه‌دا 109 پارچه‌ چه‌ك و 567 فیشه‌ك و 12 ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكیل و چه‌ندین كه‌ره‌سته‌ى راوكردن ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و هه‌روه‌ها 77 باڵنده‌ و ئاژه‌ڵیش له‌ راوچییه‌كان وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌ و ئازاد كراون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: زیاتر له‌ سێ هه‌زار دۆنم پووش و پاوان سوتاوه‌ و كۆى پاره‌ى غه‌رامه‌ى سه‌رپێچیكاران له‌و ساڵه‌دا بڕى هه‌شت ملیۆن و 312 هه‌زار دینار بووه‌. 

به‌ پێى ئاماره‌كان له‌ ساڵى 2019دا رێژه‌ى سه‌رپێچییه‌كان و ده‌ستگیركردنى راوچى زیاتر بووه‌، به‌ڵام پاره‌ى سزاى سه‌رپێچیكاران كه‌متر بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵى 2018دا له‌ ناوچه‌كه‌دا 286 راوچى ده‌ستگیركراون و بڕى غه‌رامه‌ 12 ملیۆن و 395 هه‌زار دینار بووه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure