شەش قاچاخچی لەسەر خنکانی 11 پەنابەرەکەی دەریای ئیجە دادگایی کران

هەواڵ / جیهان :: 16/01/2020‌ :: 169‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بەتۆمەتی نقومبونی بەلەمەکەی دەریای ئیجە، شەش کەس دادگایی کران کە دەستیان هەبووە لە بە قاچاخبردنی ئەو پەنابەرانە.

هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەران لە تورکیا بە دواڕۆژی راگەیاند: "دوای دوو رۆژ لە روودانی ئەو کارەساتە پۆلیسی تورکیا شەش قاچاخچی دەستگیر کرد و رۆژی 15ی کانونی دووەمی 2020 دادگایی کران کە یەکێکیان بەڕەگەز سورییە، دوو کەسی تریش بەهۆی هاوکاری ئەو قاچاخچییانە بە فرۆشتنی یەختەکە، لە ماڵەکانیان خرانە ژێر چاودێری پۆلیسەوە و هەروەها تەواوی ئەو پارانەشی لە پەنابەرەکان وەرگیرابوون دەستیان بەسەردا گیرا".

وتیشی: "قاچاخچییەکان لە دادگا دانیان بەوەدا نا کە زیاد لەتوانای یەختەکە پەنابەریان خستبووە نێو یەختەکەوە کە هەر ئەوەش هۆکاری نقومبوونی یەختەکە بووە".

ئەوەشی روونکردەوە: "هۆکاری خنکان و گیان لەدەستدانی ئەو 8 منداڵەشیان ئاشکرا کرد کە لەسەرەتای بەڕێکەوتنیان لەنێو دەریادا هەر هەشت منداڵەکەیان خستبووە ناو شوێنێکی تەواو داخراوی یەختەکە گوایە بۆ ئەوەی لەڕێگە نەکەونە نێو دەریاوە".

شەوی 11ی کانونی دووەمی 2020 لە ناوچەی چەشمەی سەر بەشاری ئزمیر یەختێک بە 19 پەنابەرەوە ژێر دەریا دەکەوێت و لە ئاکامدا 11 پەنابەر دەخنکێن کە هەشتیان منداڵ بوون، رۆژی 14ی کانونی دووەم لە شاری ئزمیر تەرمی 8 لەو پەنابەرانە بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی شارەکە و کەسوکاری قوربانییەکان بەخاک سپێردران کە سەرجەمیان پەنابەرانی کوردانی کوردستانی خۆرئاوا بوون و ئەندامی دوو خێزان بوون، بەهۆی جەنگی سوریاوە ئاوارەی تورکیا بوون لەساڵی 2012دا و بە نیازبوون بەرەو ئەڵمانیا کۆچ بکەن.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure