روونکردنەوەیەک لەبارەی بێ سەروشوێنانی شەڕی عێراق و ئێران بڵاودەکرێتەوە

هەواڵ / عێراق :: 16/01/2020‌ :: 166‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور رایدەگەیەنێت: ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دیلەکانی شەڕی عێراق و ئێران بڵاودەکرێنەوە دوورە لە راستییەوە و هیچ داوایەکیش لە کەسوکاری ئەو بێ سەروشوێنانە نەکراوە
.

لە راگەیەندراوێکدا كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: تائێستا هەندێك له‌ لاپه‌ڕه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بەردەوامن له‌ بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە كه‌ كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور زانیاری و ناوی دیله‌كانی جه‌نگی عێراق و ئێرانی ده‌ستکه‌وتووه‌ و داوای له‌ خێزانه‌كانیان كردووه‌ كه‌ سه‌ردانی نووسینگه‌كانی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌ سه‌ر خزم و كه‌سه‌ بێسه‌روشوێنه‌كانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە: بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڵاوكراوانه‌ راست نین و بێ بنه‌مان و كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور بڵاوی نه‌كردونه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور هه‌ر شتێك له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ ئه‌وا بە رەسمی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: "هه‌روه‌ها شایانی باسه‌ كه‌ دوا گروپی دیله‌كان كه‌ ئاڵوگۆڕكراون له‌ نێوان كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران به‌چاودێری كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌ شوباتی  2003 ئه‌نجامدراوه‌".

له‌ كۆتاییدا كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور جه‌ختی كردووەته‌وه‌ كه‌ بابه‌تی دیله‌كانی جه‌نگ له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و ئێرانی به‌ رەسمی له‌ ساڵی 2011 له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌ردوولاوه‌ داخراوه‌ و هیچ دیلێكیان له‌لا نه‌ماوه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure